خاوەن پشكێكی چاڤی لاند باس لە فێڵێكی شاسوار عەبدولواحید لە گرێبەستی پشكەكان دەكات و دەڵێت، لە گرێبەستەكەدا ئاماژە بەوە كراوە كە تەنیا بۆیان هەیە لە دادگەی سلێمانی سكاڵا لەبارەی هەر گرفتێكەوە بكەن كە رووبدات، لەبەر ئەوەیە ناتوانن لە دادگەكانی تر سكاڵای لەسەر تۆمار بكەن.
نەژاد مەحموود، خاوەن پشكێكی چاڤی لاند بە "وشە"ی گوت، لە گرێبەستی خاوەن پشكەكانی چاڤی لاند و كۆمپانیای ناوبراو، شاسوار فێڵێكی لە خاوەن پشكەكان كردووە، ئەویش ئەوەیە بۆ هەر كێشە و گرفتێك پەنا ببرێتە بەر دادگەی سلێمانی و لەوێ كێشەكان یەكلا بكرێنەوە، بەڵام ئەوە بە مەبەست كراوە، چونكە شاسوار لە سنوورەكە دەستی تێكەڵ كردووە و هیچ دۆسیەیەكی لەسەر ناكرێتەوە، كە لە ماوەی رابردوو سەتان دۆسیەی لەسەر كراوە، بەڵام هیچیان كاریان لەسەر نەكراوە.
زیاتر گوتی، كاتی خۆی پێمان وابووە دادگەی سلێمانی دەتوانێت سكاڵاكانمان بۆ یەكلا بكاتەوە، بەڵام ئەوە چەندان ساڵە نەتوانراوە ئەوە بكرێت، ئەوەش وای كردووە كە نەتوانین لە هیچ دادگەیەكی تر سكاڵا بەرانبەر ئەو ستەمە بكەین كە ماوەی 10 ساڵە لە خاوەن پشكەكان دەكرێت، ئاشكرای كرد، لە رابردوو بەنیاز بووین بچین لە دادگەكانی عێراق، وەك دادگەی فیدراڵی سكاڵا تۆمار بكەین، بەڵام بەهۆی ئەوەی لە گرێبەستەكەدا ئەوە هاتووە هیچ لایەك سكاڵامان وەرناگرێت، ئێستەش هەوڵەكانمان چڕ كردووەتەوە كە بە هەر جۆرێك بێت لە دادگەیەكی تری دەرەوەی سلێمانی، وەك لە ئەوروپا، سكاڵای لەسەر تۆمار بكەین.
"لە سلێمانی 700 بۆ 800 سكاڵا لەسەر شاسوار تۆمار كراوە، بەڵام هیچیان كاریان لەسەر نەكراوە، پێمان بڵێن هۆكار چییە كە سكاڵاكان ناجووڵێندرێن، ئەگەر كەسێك شتێك بكات بە بێ سكاڵاش دەگیرێت، بەڵام مافی ئەو هەموو خاوەن پشكە خوراوە، كەچی هیچ كەسێك ئامادە نییە سكاڵا دژ بەو بجووڵێنێت، داواكاریی گشتی و دادوەر سكاڵاكان دادەخەن"، نەژاد مەحموود وای گوت.
وشە/ تایبەت