نرخی نەوتی ماڵان بە تەواوی دابەزی

:: AM:11:47:06/12/2023 ‌
نرخی نەوتی ماڵان بە تەواوی دابەزی، هۆكارەكەشی بۆ دابەشكردنی نرخی نەوت لەلایەن حكوومەت دەگەڕێتەوە، ئەندامێكی كۆمەڵەی نەوتفرۆشان دەڵێت، ئەمڕۆ بەرمیلێك نەوت بە 145 هەزار دینارە.

دوای دابەشكردنی نەوتی سپیی ماڵان لەلایەن حكوومەتەوە، نرخی نەوتی سپیی ماڵان بە تەواوی رووی لە دابەزین كردووە، ئەمڕۆ بەرمیلێك نەوت بۆ 145 هەزار دابەزی.

ئەمڕۆ چوارشەم شەشی كانوونی یەكەم، سەربەست ئەبوبەكر ئەندامی كۆمەڵەی نەوتفرۆشانی هەولێر، بە "وشە"ـی راگەیاند، كڕیاری نەوت نییە و نەوتەكەی حكوومەت پشی بازاڕی شكاندووە.

زیاتر گوتی، ئەمڕۆ بەرمیلێك نەوت بە 145 هەزار دینارە، ئەگەر كڕیار نەبێت ئەگەری هەیە زیاتریش دابەزێت، چونكە هاووڵاتییان نەوتیان وەرگرتووە و پێویستیان بە كڕینی نەماوە.

باسی لەوەش كرد، لە ناوچە شاخاوییەكان كڕیار هەیە، بەڵام ئەویش بەشێوەی پێویست نییە، هەروەها ساڵی رابردوو لەو كاتە بەرمیلێك نەوت بە 260 هەزار دینار بوو، ئەمڕۆ بە 145 هەزار دینارە.

دابەزینی نرخەكەی ئەمساڵ بەشێوەیەكە، هەواڵنووسی ئەم هەواڵە لە مانگێك پێش ئێستە بەرمیلێك نەوتی بە 200 هەزار دینار كڕی، بەڵام ئەمڕۆ بە 145 هەزار دینارە.

بەپێی نوێترین داتای وەزارەتی سامانە سروشتییەكان، ئەمساڵ تا ئێستە 60%ـی هاووڵاتییان نەوتیان وەرگرتووە.
 



وشە - رامیار جەواد