یەكەم دانیشتنی لیژنەی باڵای بەدواداچوون بۆ كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامی لە كوردستان، بە بەشداری نوێنەری یەكێتیی زانایانی ئاینی ئیسلامی كوردستان، وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، وەزارەتی پلاندانان، وەزارەتی ئەوقاف و كاروباری ئاینی؛ لەبارەی گەنگەشەی رێكارە پێویستەكانی كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامی لە كوردستان بەڕێوە چوو.
یەكەمین كۆبوونەوەی هاوبەشی لایەنە فەرمییەكان بۆ كردنەوەی رێكارەكان، بەرنامەی زانكۆیەكی ئیسلامی لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە چوو، ئەوەیش دوای ئەوەی لە حەوتی كانوونی یەكەمی 2021 لە نووسراوی فەرمیی ژمارە (15273)، ئەنجوومەنی وەزیران لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم، نووسراوێكی ئاراستەی وەزارەتی خوێندنی باڵا و تویژینەوەی زانستی كردووە، تێیدا داوا دەكات كاری پێویست ئەنجام بدرێ بۆ كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامی لە كوردستان.
شایانی باسە رۆژی 29ـی ئەیلوولی ساڵی 2021 یەكێتیی زانایان، دیداریان لەگەڵ مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دا، بە مەبەستی بەرەوپێشبردنی رەوشی ئاینی و خزمەتی پتری بواری زانستە شەرعییەكان و پێگەیاندنی كادری ئاینیی لێهاتوو، چەند پێشنیارێكی خستەبەر دیدی سەرۆكی حكوومەت، یەكێك لەو پێشنیارانە كردنەوەی زانكۆیەكی ئیسلامی بوو لە هەرێمی كوردستان.