بڕیارە هەفتەی داهاتوو دەست بكرێت بە دابەشكردنی سەبەتەی خۆراكی مانگی 10یەم، نیسك و برنج و رۆن و ئاوەتەماتە و شەكر لەخۆ دەگرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، بەپێی ئەو زانیارییانەی بە دەست "وشە" گەیشتوون، هەفتەی داهاتوو دەست بە دابەشكردنی خۆراك دەكرێت لەسەر لیستی مانگی پێشوو، تەنیا لە شوێنی لەتكەنۆك نیسك دانراوە.
ئەوەیش زانراوە، هەر هاووڵاتییەك لەو مانگە بڕی سێ كیلۆ برنج و یەك زەیت و 400 گرام نیسك و ئاوەتەماتەیەك و كیلۆیەك شەكر وەردەگرێت.
خۆراكی سلێمانیش لە ئاگادارییەكی بۆ بریكارەكانی خۆراك دەڵێت، ئاگاداری بریكارەكانی ناوشاری سلێمانی دەكەین تا 10ـی كانوونی یەكەم، بڕی پارەی داواكراو بنێرنەوە بۆ ئەوەی سەبەتەخۆراكی دەیەم بۆ مانگی 12/2023یان بۆ دابگیرێت.
لە ئاگادارییەكەدا باس لەوەش كراوە، هەر بریكارێك لە یەك هەفتەدا لەو ئاگادارییە دوا بكەوێت، بە پێچەوانەوە بۆ هەر ڕۆژێك دواكەوتن، بڕی 25 هەزار دینار پێبژاردنی بۆ دەكرێت.
پێشتر بەرپرسانی حكوومەتی عێراق رایان گەیاند كە پەلە دەكەن لە دابەشكردنی خۆراك بۆ ئەوەی پێش ساڵی نوێ یان سەرەتای ساڵی نوێ، بەشەخۆراكێكی تر بەسەر هاووڵاتییان دابەش بكەن.