سەرەتای ساڵی نوێ‌ بە دیجیتاڵكردنی نووسینگەكانی لەدایكبووان و مردووان لە كوردستان دەچێتە بواری جێبەجێكردن

:: PM:01:52:07/12/2023 ‌
بەرپرسێكی وەزارەتی تەندروستی رای دەگەیەنێت، لە سەرەتای ساڵی نوێ‌ هەر منداڵێك لە دایك بێت، ئەوا بەشێوەی ئەلیكترۆنی ناوی تۆمار دەكرێ‌ و پێویست ناكات دایك و باوكی مامەڵەی بۆ بكەن كە لە خۆراك و لە ناسنامە تۆمار بكرێ‌.

ئەمڕۆ پێنجشەم حەوتی كانوونی یەكەم، حەربی كەتۆ بەڕێوەبەری تەكنەلۆجیای زانیاری لە وەزارەتی تەندروستی، بە "وشە"ـی ڕاگەیاند، پاش ئەنجامدانی چوار خول، توانیمان سیستمێكی یەكگرتووی  Civil registration and vital statistics (CRVS)  تۆماری مەدەنی و ئاماری ژیانی دروست بكەین  كە لە هەرێمی كوردستان و هەموو عێراق، یەك سیستمی یەكگرتوو دەبێت و لە سەرەتای ساڵی داهاتوو دەچێتە بواری جێبەجێكردن.

زیاتر گوتی، سوودی ئەو سیستمە ئەوەیە هەر منداڵێك لە دایك بێت لە نەخۆشخانە، راستەوخۆ تۆمار دەكرێت، تۆماركردنەكەش سوودی بۆ ئەوە هەیە پێویست ناكات دایك و باوكی بۆ تۆماركردن چەندان فەرمانگە بكەن، بەڵكو سیستمەكە خۆی ئۆتۆماتیكی ناوی منداڵەكە بۆ وەزارەتی بازرگانی و ئامار و چەندان فەرمانگەی تر دەنێرێت، كۆدێك بۆ دایك و باوكی دێت، ئیتر لەڕێی ئەو كۆدە تۆماری دەبێت.

باسی لەوەش كرد، تێچووی ئەو سیستمە لەلایەن رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان، بڕی 300 هەزار دۆلاری بۆ دابین كراوە بۆ كڕینی داتابەیس و كۆمپیوتەری پێویست، كارمەندی پێویستیش راهێنانی پێ كراوە.

بەگوتەی ئەو بەرپرسەی تەندروستی لە ناوەڕاستی ساڵی داهاتوودا بۆ مردنی هەركەسێكیش، لە سیستمەكە كار دەكرێت كارەكان بەشێوەی ئەلیكترۆنی بێت، هاووڵاتی هێندە بەدوای مامەڵەكەیەوە ماندوو نەبێت.



وشە - رامیار جەواد