بۆ ئامادەیی هاوكاریكردنی برینداران و دەربڕینی پرسە و سەرەخۆشی بۆ ڕووداوی سووتان لە شاری سۆران، وەزیری تەندروستی عێراقی فیدراڵ، پێوەندیی بە وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
ئەمڕۆ شەموو نۆی كانوونی یەكەم، بەمەبەستی ئامادەیی بۆ هەر پێویستییەك و هاوكاریكردنی چارەسەری برینداران، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ساڵح حەسناوی وەزیری تەندروستیی عێراقی فیدراڵ، پێوەندیی بە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان كرد.
وەزیری تەندروستی عێراق وێڕای دەبڕینی دڵگرانی و پرسە و سەرەخۆشی بۆ كەسوكاری قوربانیان و هاووڵاتییانی سۆران، بۆ رووداوی سووتانی باڵەخانەی نیشتەجێبوون لە شاری سۆران، ئامادەیی بۆ هەر پێویستییەك بۆ چارەسەری برینداران دەربڕی.
سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستی دەرەنجامی قوربانیانی رووداوی سووتانی باڵەخانەكەی سۆران، جۆر و هۆكاری گیان لەدەستدان و ڕەوشی بریندارانی نەخۆشخانە و ڕێكارەكانی ئەنجامدراوی ڕوون كردەوە، سوپاسی هەڵوێست و هاوئاهەنگی و دەستپێشخەری و پێوەندیی تەلەفۆنەكەی كرد بۆ ئەم رووداوە دڵتەزێنە، خوای گەورە كۆچكردووان بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و هیوای چاكبوونەوە و سەلامەتی بۆ برینداران خواست.