لیژنەی لێكۆڵینەوە لە رووداوی ئاگركەوتنەوەكەی باڵەخانەكەی سۆران، دەستی بەكار كرد و خاوەنی باڵەخانەكەی سۆران و خاوەنی مۆبیلیاتەكە گیران.
ئەمڕۆ شەموو حەوتی كانوونی یەكەم، هەڵگورد شێخ نەجیب سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا رای گەیاند، لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە دەستی پێ كردووە و تا ئێستە دوو كۆبوونەوە كراون، ئەندامانی لیژنەی لێكۆڵینەوە سەرپشك كراون كە بەزەییان بە كەس نەیەتەوە لەوانەی كەمتەرخەم بوونە.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە"، هەر ئەمڕۆ خاوەنی باڵەخانەكە و خاوەنی مۆبیلیاتی باڵەخانەكە، گیراون و لێكۆڵینەوە لە هۆكاری زۆریی قوربانییەكان دەكەن.
دەگوترێت لە لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان دەركەوتووە ئاگرەكە لە نهۆمی یەكەم دروست بووە، لەو كاتەدا كەسی لێ نەبووە و دوای تەشەنەی سەندووە.
شەوی رابردوو ئاگرێك لە باڵەخەیانەیەكی نیشتەجێبوون لە سۆران كەوتەوە و بەو هۆیەوە 14 هاووڵاتی گیانیان لە دەست دا، هەر ئەوكات سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هاتە سەر خەت و فەرمانی بە سەرپەرشتیاری ئیدارەی سۆران دا، بەپەلە لێكۆڵینەوە لە رووداوەكە بكەن.