ئه‌ندامێكی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق رای گه‌یاند، حكوومه‌تی فیدراڵی و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه به سه‌رجه‌م ئه‌و هێزه چه‌كدارانه‌شی كه له‌ناو ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ڕێكخراون، كه‌چی حكوومه‌تی فیدراڵی تا ئێسته نه‌یتوانیوه به‌رپرسیارێتیی خۆی له ڕێگرتن له هه‌ر هێرشێك بۆ ناو سنووری هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات.
ئه‌مڕۆ شه‌موو نۆی كانوونی یه‌كه‌م، مه‌ریوان قه‌ره‌نی ئه‌ندامی لیژنه‌ی ئاسایش و به‌رگری له په‌رله‌مانی عێراق رای گه‌یاند، ئه‌و لایه‌نانه‌ی كه به‌مشێوه‌یه درۆنی بۆمبڕێژكراو یان مووشه‌ك ئاراسته‌ی ناوچه جیاجیاكانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن، وه‌نه‌بێت لایه‌نی نه‌ناسراو و گرووپی شاراوه بن، به‌ڵكو هه‌موو ئه‌و لایه‌نانه میلیشیای ناسراون و خۆیان ڤیدیۆكان بڵاو ده‌كه‌نه‌وه و به ئاشكرایش ئه‌و هێرشانه له ناوچه‌كانی ژێر ده‌سه‌ڵاتی حكوومه‌تی فیدراڵییه‌وه ده‌كه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان.
ئاماژه‌ی بۆ ئه‌وه كراوه كه به‌گوێره‌ی ده‌ستوور و یاساكان، له‌ناویشیاندا یاسای حه‌شدی شه‌عبی، حكوومه‌تی فیدراڵی و سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، فه‌رمانده‌ی گشتیی هێزه چه‌كداره‌كانی عێراقه به سه‌رجه‌م ئه‌و هێزه چه‌كدارانه‌شی كه له‌ناو ده‌سته‌ی حه‌شدی شه‌عبییه‌وه ڕێكخراون، كه‌چی حكوومه‌تی فیدراڵی تا ئێسته نه‌یتوانیوه به‌رپرسیارێتیی خۆی له ڕێگرتن له هه‌ر هێرشێك بۆ ناو سنووری هه‌رێمی كوردستان جێبه‌جێ بكات.
"لێره‌وه هیوادارین محه‌مه‌د شیاع سوودانی سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق، به كرده‌یی هه‌وڵی ڕێگرتن له‌و میلیشیایانه بدات له‌وه‌ی به‌رده‌وام هێرش بكه‌نه سه‌ر هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مه‌ش هه‌نگاوی رژدی ده‌وێت و ته‌نیا به به‌یاننامه و دروشم نابێت، به پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌گه‌ر ناتوانێت ئه‌و هێزانه ناچار بكات به راگرتنی هێرشه‌كانیان، داوا له حكوومه‌تی فیدراڵی ده‌كه‌ین راشكاوانه ددانی پێدا بنێت". مه‌ریوان قه‌ره‌نی وا ده‌ڵێ.
ئه‌وه له كاتێكدایه له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی رابردوودا، چه‌ند درۆنێك ئاراسته‌ی هه‌ولێر كران. گرووپه جیاوازه‌كانی میلیشیاكانی عێراق و له یاسا ده‌رچووه‌كان، ده‌ستیان له‌و كاره‌دا هه‌یه.