لە كاتێكدا عێراق بەڵێن بە حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەدات نەوتی هەرێم هەناردە بكاتەوە، بەڵام بەناچاری خۆی دەبێت نەوتی هەناردەی رۆژانە 220 هەزار بەرمیل كەم بكاتەوە، شارەزایەكی ئەو بوارەش پێی وایە، ئەمە دەبێتە بیانوویەكی باش بۆ هەناردە نەكردنەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان.
رێكخراوی ئۆپێك پڵەس لە پێناو جێگیركردنی نرخی نەوت لە بازاڕەكاندا، بڕیاری دا عێراق رۆژانە 220 هەزار بەرمیل نەوت لە بازاڕەكانی دنیادا كەم بكاتەوە، ئەمەش وا دەكات رێ لە ناردنە دەرەوەی نەوتی هەرێمی كوردستان بگرێت.
حەمدی یاسین شارەزایەكی بواری وزەیە و بۆ "وشە" گوتی، چەندان دانیشتن و گفتوگۆ لە نێوان عێراق و هەرێمی كوردستانی بۆ هەناردەی نەوت بۆ بازاڕەكانی دنیا كراوە، بەڵام بە جێبەجێكردنی بڕیاری كەمكردنەوەی نەوتی خۆیشی، پێویستی بەو نەوتە نابێت لە كوردستانەوە هەناردەی بكات، ئەمەش بیانوویەكی باش دەبێـت كە نەوتی كوردستان هەناردە نەكەنەوە، بۆیە من پێم وایە نەوتی كوردستان ئەستەمە عێراق بیەوێ هەناردەی بكاتەوە. باشترە حكوومەتی هەرێم رێی تری بۆ بدۆزێتەوە.
حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق كە هاوكات جێگری سەرۆك وەزیرانیشە بۆ كاروباری وزە، سەرۆكایەتیی كۆبوونەوەیەكی كرد لەگەڵ ژمارەیەك لە بەرپرسانی كۆمپانیای بەبازاڕخستنی نەوتی عێراق "سۆمۆ". لەم كۆبوونەوەیەدا وەزیری نەوت رای گەیاند، عێراق بەتەواوەتی پشتیوانی لەو رێككەوتن و بڕیارانەی رێكخراوی (ئۆپێك پڵەس) دەكات كە لە 30 تشرینی دووەمی ئەمساڵدا دەرچوون. وەزیر گوتی: "لە سەرەتای ساڵی 2024ەوە بۆ 31ی ئاداری 2024، عێراق پابەندە بە كەمكردنەوەی خۆبەخشانەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوت بە بڕی (220 هەزار) بەرمیلی رۆژانە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵە هاوبەشەكاندایە بۆ بەدیهێنانی هاوسەنگی و سەقامگیری لە بازاڕی نەوتدا".
وەك وەزیری نەوت دەڵێ، "لەو ماوەیەی كە دیاری كراوە، عێراق لە چوارچێوەی پرۆگرامێكدا هەڵدەستێت بە كەمكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتی خۆی بۆ چوار ملیۆن بەرمیلی رۆژانە" .