سەرۆكایەتیی هەردوو شاندی تەناهیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، ئەمڕۆ یەكشەم رێككەوتن بنكەكانی دەنگدان لە ناوچە كوردستانییەكان لەلایەن هێزێكی تەناهیی هاوبەشەوە بپارێزرێن .
لیژنەی باڵای تەناهیی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق كە لەلایەن وەزارەتی ناوخۆی عێراقەوە پێكهێنراوە، سەردانی هەرێمی كوردستانی كرد، لەگەڵ رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆیی حكوومەتی هەرێم كۆبوونەوە، لە كۆبوونەوەكەدا بڕیار درا بنكەكانی دەنگدان لە ناوچە جێناكۆكەكان لەلایەن هێزیكی تەناهیی هاوبەشەوە بپارێزرێن.
تەحسین خەفاج گوتەبێژی ئۆپراسیۆنە هاوبەشەكانی عێراق كە هاوكات ئەندامی شاندە تەناهییەكەی عێراق بوو، لە كۆنفرانسێكی رۆژنامەوانیدا رای گەیاند، "تەوەری سەرەكیی كۆبوونەوەكە، پاراستنی پرۆسەی هەڵبژاردن بوو لە ناوچەكانی سەربە ماددەی 140، بەتایبەت لە كەركووك، نەینەوا و دیالە، چونكە ئەوە ناوچانە بۆ عێراق و هەرێمی كوردستانیش گرنگیی خۆیان هەیە.
بە گوتەی خەفاجی، كۆبوونەوەكە "بەرهەمدار بوو و گفتوگۆیان لەسەر پەرەدان بە هاوئاهەنگییە تەناهییەكانی نێوانیان كردووە. گوتیشی داوامان كرد هەردوو ژووری ئۆپراسیۆنی هەرێمی كوردستان و بەغدا بەردەوام لە پێوەندیدابن بۆ ئەوەی هەموو ئەو ئاڵنگارییانە نەهێڵرێن كە لەوانەیە لە رۆژی هەڵبژاردن بێنە پێشمان.
باسی لەوەش كرد، لە هەردوو رۆژی هەڵبژاردنی تایبەت و گشتیی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق، "بەهیچ شێوەیەك قەدەغەی گشتیی هاتوچۆ راناگەیەنرێت" .
لیوا تاریق ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی كوردستان كە ئەندامی شاندە تەناهییەكەی هەرێمی كوردستانە، لە كۆنفرانسە رۆژنامەوانییەكەدا رای گەیاند، "ئاوارەكانی دانیشتووی كەمپــەكانـــی هـــەرێمی كوردســتــان، رۆژی شــــەمـوو 16-12-2023، لەگەڵ دەنگدانی تایبەت، دەچنە سەر سندووقەكانی دەنگدان و دەنگ دەدەن".
لیوا تارق گوتی، لەگەڵ لیژنەی باڵای تەناهیی هەڵبژاردنی ئەنجـوومەنی پارێزگاكانی عێراق، "لەسەر پلانێكی زۆرباشی تەناهی رێككەوتووین بۆ ئەوەی ئەو بنكانەی دەنگدان كە دەكەونە ناوچە جێناكۆكەكان، لەلایەن هێزێكی هاوبەشی تەناهییەوە بپارێزرێن".
بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هەرێمی كوردستان، "هەموو بازگەكانی نێوان شارەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان، بەڕووی ئاوارە و هاووڵاتییانی كورددا كراوە دەبن، دەنگدەران دەتوانن بەبێ كێشە بچنە كەركووك، نەینەوا، دیالە و ناوچەكانی تر و دەنگ بدەن".