پشتیوان سادق: كوردستان وەك یەكێك لە وڵاتانی فرەئاین و فرەمەزەو كەمترین پێكدادانی ئاینی تێدا بووە

:: PM:02:01:10/12/2023 ‌
لە میانی كۆبوونەوەی لەگەڵ دەستەی بەڕێوەبەری بنكەی لالش، وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینیی  حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی: "نوێنەرایەتیی هەشت ئاین لە وەزارەتی ئەوقافدا هەیە، وەك سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵمان داوە سیاسەتی میانڕەوی لە هەرێمی كوردستان جێبەجێ بكەین.

پشتیوان سادق وەزیری كاروباری ئەوقاف و كاروباری ئاینی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، هەوڵیان داوە وتاری پیاوانی ئاینی لە هەرێمی كوردستان، خزمەت بە مرۆڤایەتی بكات. دەشڵێت: وتاری زیاتر لە 99%ی پیاوانی ئاینی لە كوردستان میانڕەوە، ئەمەش مایەی خۆشحاڵییە .

ئەوەشی گوت: "ئەوەی لە كوردستان هەیە زۆرینەی وتاری میانڕەوانەیە و خزمەتی مرۆڤایەتی دەكات، بەڵام لە هەموو وڵاتێك هەندێك كەسی نەشاز هەن، بەڵام ئەوانە گوزارشت لە ئاینەكان ناكەن، بۆ نموونە داعش تەنیا كردەوەی تیرۆریستی بەرانبەر بە ئێزیدی و مەسیحییەكان ئەنجام نەدەدا، بەڵكو بەرانبەر بە ئیسلام و هەموو ئاینەكانی تر ئەنجامی دەدا".

حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە بواری لێبوردەیی ئاینیدا، توانیویەتی سیاسەتێكی میانڕەو لەم سێ دەیەی حوكمڕانیی كوردیدا جێبەجێ بكات، بەمەش كوردستان وەك یەكێك لە وڵاتانی فرەئاین، فرمەزەو كە كەمترین پێكدادانی ئاینی تێدا بووە، هەموو پێكەوە لە كوردستان بێ كێشە دەژین.



وشە - سۆران عەزیز