دۆسیەكەی شاكار دەبرێتە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

:: AM:11:58:22/05/2024 ‌
ئەندامێكی لیژنەی ئاسایش و بەرگری رای گەیاند، زانیارییەكانی ڕۆژنامەنووس شاكار ستار دەبەینە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق.

ئەمڕۆ چوارشەم 22ـی ئایار، مەریوان قەرەنی ئەندامی لیژنەی یاسای لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بە "وشە"ـی راگەیاند، زانیارییەكانی ڕۆژنامەنووس شاكار ستار دەبەینە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق.

زیاتر گوتی، چەند ڕۆژێكە لەلایەن هێزەكانی ئاسایشی سلێمانییەوە ڕۆژنامەنووسێك بە ناوی شاكار ستار گیراوە كە لە كاتی گرتنیدا هەندێك پێشێلكاریی زەق كراون، وەك گواستنەوەی هاوسەر و منداڵەكەی بە ئۆتۆمبێلی سەربازی و مامەڵەكردن لەگەڵ ئەو ڕۆژنامەنووسە وەك تاوانبارێك لەبەرچاوی منداڵەكانیدا، لە كاتێكدا یاسای ژمارە 35ی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان ڕێكاری ڕوونی بۆ حاڵەتی هەبوونی سكاڵای یاسایی لە دژی رۆژنامەنووس دیاری كردووە.

باسی لەوەش كرد، بەپێی بەدواداچوونی ئێمە، شاكار ستار تەنیا وەك بێژەر لە پێگەیەكی ئەلیكترۆنی بە ناوی (تیوار) چوار راپۆرتی خوێندووەتەوە. ئەو ڕاپۆرتانە بە تەواوی هەستیار و مەترسیدارن، چونكە بە بەڵگەی جۆراوجۆر كە بەشێكی بەڵگەكان لە دەزگا تەناهییەكانی عێراق و هەواڵگریی عێراقەوە دەركراون، تێیدا سەلمێنراوە كە لە سنووری پارێزگای سلێمانیدا قاچاخچێتییەكی مەترسیدار بە مادە هۆشبەرەكان و چەكەوە دەكرێت. 

ئاماژە بەوەیش دەكات، ئەم راپۆرتەی شاكار ستار خوێندوویەتیەوە، زانیاریی هێندە مەترسیداری تێدایە كە ئەگەر راست بن، هەر تەنیا هەڕەشە لە ژیان و تەندروستی و ئاسایشی خەڵكی سلێمانی ناكەن، بەڵكو هەڕەشە لە هەموو خەڵكی عێراق دەكەن.

"ئێمە لێرەوە داوا دەكەین لێكۆڵینەوەی ورد و رژد لەبارەی زانیارییەكانی ناو راپۆرتەكان بكرێت و ڕێوشوێنی یاسایی بەرانبەر هەر كەسێك بگیرێتەبەر كە قاچاخچێتی دەكات یان لە یاسا دەردەچێت. بۆ ئەم مەبەستە ئەم بابەتە دەبەینە لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، تا لێكۆڵینەوەی لەبارەوە بكرێت و ڕێگری لەو قاچاخچێتییانە بكرێت كە مەترسی دروست دەكەن"، مەریوان وای گوت.



وشە - رامیار جەواد