"یەكێتی كێشە بۆ سلێمانی و هەڵەبجە دروست دەكات تەنیا بۆ ئەوەی خەڵكەكە گلەیی لە حكوومەت بكەن"

:: PM:07:36:22/05/2024 ‌

چاودێرێكی سیاسی دووپات لەوە دەكاتەوە كە یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان سیاسەتێكی خراپ لە سنووری دەسەڵاتی جێبەجێ دەكات، ئەویش بە ئازاردانی خەڵك لە رێگەی جێبەجێنەكردنی پڕۆژەكان، بەتایبەتی خزمەتگوزارییەكان، تەنیا بۆ ئەوەی خەڵك لە حكوومەت توڕە بكات، بەڵام بە پێچەوانەوە هاووڵاتییانی سلێمانی و هەڵەبجە باش دەزانن كە ئەو حزبە و ئیدارەكەی بەرپرسیارن.

چرا شەماڵ، چاودێری سیاسی بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو بارودۆخەی پارێزگای سلێمانی پێیدا تێپەڕ دەبێت بە ئاراستەیەكی دروست نییە، حزبی سیاسیمان هەیە لە حكوومەتە و هەموو ئیدارەی سنوورەكەی بە دەستەوەیە، كەچی رۆڵی ئۆپۆزسیۆن دەبینێت و هەوڵ دەدات گلەیی هاووڵاتییان بەهۆی خراپیی حكومڕانی خۆیان رووی لە حكوومەت بێت.

ئاماژەی كرد، ئەركی حكوومەتە خۆجێییەكانە كە وەڵامی كێشەی هاووڵاتییان بدەنەوە و بەو پارەی لە داهاتی ناوخۆ بۆیان دەگەڕێتەوە، پڕۆژەكان تەواو بكەن، یەكێتی بەرپرسی ئیدارەی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕێن و گەرمیانە، كاتێك دەزانێت خەڵك لە ئیدارەدانەكەی تووڕەیە، ئەندام و خەڵكی خۆی بۆ بەلاڕێدابردنی داواكارییەكانیان تێكەڵ دەكات بۆ ئەوەی كێشەكان بخاتە ئەستۆی حكوومەت.

ئەو چاودێرە سیاسییە زیاتر دەڵێت، هەر پارێزگایەك بەشەبودجەی خۆی هەیە و دەكرێ بەو پارەیەی لە داهاتی فەرمانگەكان و گومرگ بۆیان دیاری كراوە، كاركرن لە پڕۆژە تەواونەكراوەكان دەست پێ بكەنەوە، بەڵام كێشەكە ئەوەیە كە داهاتەكان دیارنامێنن.

دووپاتی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان كار بۆ جێبەجێكردنی پڕۆژەی ستراتیجی بۆ ئەو پارێزگایانە و چارەسەركردنی كێشە و كەموكورتییەكانیان دەكات، بەڵام ئەوان كێشە لەبەردەم كارەكانی حكوومەت دروست دەكەن، تا وەك پێویست كارەكان بەڕێوە نەچێت و بە هاوشێوەی ئۆپۆزسیۆن مامەڵە دەكەن.

"هاووڵاتییان وشیارن و باش دەزانن كە كێشەكان لە یەكێتی و ئیدارەكەیەتی، كاتێك سلێمانی ئیدارەی هەیە و بودجەی لەبەر دەستە و دەتوانێت خزمەت بكا و وەڵامی داواكانیان بداتەوە، بەڵام چەندان كێشە بۆ هاووڵاتییان دروست دەكەن، تەنیا بۆ ئەوەی خەڵك گلەیی لە حكوومەت بكات"، چرا شەماڵ وای گوت.

هەڵەبجە/ عەزیز رەسووڵ





وشە - تایبه‌ت