لە دهۆك گەورەترین پارك دروست دەكرێت

:: PM:01:12:16/01/2025 ‌
 بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانی دهۆك گوتی، لە پارێزگای دهۆك گەورەترین پارك دروست دەكرێت لەسەر رووبەری 660 دۆنم زەوی، ئێستە لە بواری جێبەجێكردندایە و بەردەوام كاری تێدا دەكرێت، تا تەواو دەبێت و دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتییانی پارێزگای دهۆك.

ئەمڕۆ پێنجشەم 16ـی كانوونی دووەم، ئیسماعیل مستەفا بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی پارێزگای دهۆك، بە "وشە"ی راگەیاند، لە پارێزگای دهۆك دوو پارك دروست دەكرێن، بەڵام یەكێكیان لەسەر رێگەی ئالۆكا بە پاركی گەورەی دهۆك ناسراوە زۆر گەورەیە، بەشێوەیەكی سەردەمیانە دروست دەكرێت و لەسەر رووبەری ٦٦٠دۆنم زەوی دەبێت.

زیاتر گوتی، پاركەكە ناوی پاركی گشتیی دهۆكە و یەكێكە لە گەورەترین پارك كە ئێستە كاركردن لە دروستكردنی دەستی پێ كردووە و بەردەوامیش كاری تێدا دەكرێت، بەتەواوبوونی دەكەوێتە خزمەت هاووڵاتییان و رێژەی سەوزاییش زیاد دەكات.

باسی لەوەش كرد، بەحوكمی ئەوەی پڕۆژەیەكی گەورەیە و ماوەیەكی زۆری پێویستە، لە ماوەی سێ ساڵ هەردوو پارك تەواو دەكرێن، بەمەش رێژەی سەوزایی لە پارێزگای دهۆك زیاد دەبێت بۆ 20% كە ئێستە رێژەكە 14%دەبێت، چونكە ئێستە لە پارێزگای دهۆك 143 پارك و باخچە هەن و مەبەستمانە زیاتری بكەین.

ئەوەشی گوت، یەكێك لە ئامانجەكانی ئێمە ئەوەیە رێژەی سەوزایی لە پارێزگای دهۆك زیاد بكرێت، چونكە ژینگە بەگشتی لە دنیادا پیس بووە و ئامانجی ئێمە ئەوەیە ژینگەیەكی خاوێنمان هەبێت، ئەو پاركانەش دەبێتە شوێنێك بۆ حەسانەوەی خەڵك و هاتنی گەشتیاری زیاتر بۆ پارێزگای دهۆك، كە هەردوو پارك لە رۆژهەڵات و رۆژئاوای دهۆك  دروست دەكرێن .

بەڕێوەبەری راگەیاندنی شارەوانیی پارێزگای دهۆك ڕوونیشی كردەوە، پاركی سەرهەڵدانیش لەسەر رووبەری ٤٦دۆنم زەوی و لە شوێنی پیشەسازیی كۆن دروست دەكرێت .

بڵند ئیبراهیم



وشە - باز ئه‌حمه‌د