ئەو نرخەی بۆ كارەبای 24 سەعاتی بڵاو كراوەتەوە راست نییە

:: PM:01:33:15/03/2025 ‌
بڕیارە لەم هەفتەیە كۆبوونەوەیەك ئەنجام بدرێت و پێشنیاری نرخی نوێ‌ بۆ كارەبای 24 سەعاتی بكرێت، بەڵام هێشتا كۆبوونەوەكە نەكراوە، چەند پەرلەمانتارێك دەستیان بە گوتی گوتییەك كردووە، لە خۆیانەوە نرخی نوێیان بڵاو كردەوە.

ئەمڕۆ شەموو 15ـی ئادار، سەرچاوەیەك بە "وشە"ـی راگەیاند، پێمان سەیرە چەند پەرلەمانتارێك بۆ راكێشانی هەست و سۆزی خەڵك، لە خۆیانەوە ئەو نرخەیان بڵاو كردووەتەوە.

باسی لەوەش كرد، هێشتا كۆبوونەوە بۆ دیاریكردنی نرخی نوێ‌ نەكراوە كە پێشنیاری چ نرخێك بكەین، بەڵام كۆمەڵێك كەس هەستاون بە دیاریكردنی نرخ، ئەوەی سەیرە بەلامانەوە هێشتا كۆبوونەوە نەكراوە، ئەو نرخە نوێیەیان بۆ خۆیان دیاری كرد.

ئاماژەی بەوەش كرد، پڕۆژەی ڕووناكی لە هەولێر و سلێمانی و دهۆك بەسەركەوتووی دەستی پێ كردووە، هیچ پێویست بە بۆچوونی ئەو كەسانە ناكات خۆیان بە بابەتەكە هەڵواسن، ئەگەر رەخنە لە نرخەكەی هەبێت، پێداچوونەوەی بۆ دەكرێت.

روونی كردەوە، رەنگە لەم هەفتەیە بۆ پێشنیاری نرخێكی نوێ‌ كۆبوونەوە بكرێت، هێشتا كاتەكەشی دیار نییە كە ئەو كۆبوونەوەیە ئەم هەفتەیە دەكرێت یان نا.

 "ئەو نرخەی ئێستە هەیە ئەزموونییە و هێشتا نرخ دیاری نەكراوە، بەفەرمیی دیار نییە و پێویستە ئەنجوومەنی وەزارەت كۆبوونەوەی لەسەر بكات و نرخێك دیاری بكرێت بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بڕوات، ئەوكات پەسند بكرێت و دەبێتە نرخی فەرمیی"، ئەو بەرپرسە باڵایە بۆ "وشە" وای گوت.


وشە - رامیار جەواد