محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق، دووپاتی كردەوە كە لە هەڵبژاردنی داهاتووی عێراق، خۆی كاندید دەكات و ئامانجیشی ئەوەیە ببێتەوە سەرۆك وەزیران.
ئەمڕۆ چوارشەم 16ی نیسان، لە میانەی قسەكردنی لە دیداری سلێمانی، محەمەد شیاع سوودانی سەرۆك وەزیرانی عێراق گوتی، گەلی عێراق ئازاری زۆری چەشتووە بەهۆی ئەو سیاسییە خراپانەی هەبوون، گەلی عێراقیش متمانەی بە سیاسەتەكانی عێراق لە دەست داوە كە ژیانێكی شایستەیان بۆ دابین بكرێت.
روونیشی كردەوە، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ حكوومەتێكی بەهێز كە ڕێزگرتن بێت لە هاووڵاتییان بە هەموو پێكهاتەكانەوە، كار لەسەر ئەوە دەكەین متمانەی هاووڵاتییان بگەڕێنینەوە.
"بەدڵنیاییەوە خۆم كاندید دەكەمەوە، وادەی هەڵبژاردن دیاری كراوە، حكوومەتیش پابەندە بە كاتەكە، هەموو پیداویستییەكیش بۆ سەرخستنی پرۆسەكە لە بەرچاو گیراوە"، سوودانی وای گوت.
لە كاتی ئامادەكردنی ئەو هەواڵەدا، سوودانی بەردەوامە لە قسەكردن و باسی دۆخی سووریا و ناوچەكەیش دەكات.