هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان رای گەیاند، لەگەڵ یەكێتی چووینەتە ناو وردەكاریی دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەت و "وەرەقەی یەكترمان گۆڕیوەتەوە".
ئەمڕۆ چوارشەم، 16ی نیسانی 2025، هۆشیار زێباری ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی رای گەیاند، لەبارەی پێكهێنانی حكوومەت گفتوگۆمان بەردەوامە، دوێنی لە پیرمام لەگەڵ یەكێتی كۆ بووینەوە، ئەمڕۆیش تیمی پارتی هاتوونەتە سلێمانی.
ڕوونیشی كردەوە، چووینەتە ناو وردەكاریی دابەشكردنی پۆستەكانی حكوومەتی داهاتوو لەگەڵ یەكێتی و وەرەقەی یەكترمان گۆڕیوەتەوە.
لێدوانەكەی زێباری لە كاتێكدایە، هەر ئەمڕۆ مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان رای گەیاند، گفتوگۆكان بۆ پێكهێنانی حكوومەت بە باشی بەڕێوە دەچێت.