سەرۆك بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب كرد و بە گەرمی بەخێرهێنانی شاندی میوانی كرد، لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی و خەباتی گەلی كوردستان و پاڵپشتیكردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و سەقامگیری هەبوو.
ئەمڕۆ پێنجشەم 17ی نیسان، لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی پێشوازیی لە ژمارەیەك نووسەر و ئەدەبناس و ڕۆشنبیری عەرەب كرد كە بەبۆنەی كردنەوەی حەڤدەیەمین پێشانگەی نێودەوڵەتیی كتێبی هەولێر، سەردانی هەرێمی كوردستانیان كردووە.
لە دیدارەكەدا شاندی میوان پێزانینیان بۆ ڕۆڵی مێژوویی سەرۆك بارزانی لە خەباتی گەلی كوردستان و پاڵپشتیكردنی فەرهەنگی پێكەوەژیان و سەقامگیری هەبوو. هەروەها ستایشی كولتووری میواندۆستی و ڕۆحی یەكتر قبووڵكردن و ڕێزگرتنی گەلی كوردستانیان كرد، وەك نموونەیەكی باڵا و جیاواز لە ناوچەكەدا وەسفیان كرد.
هەر لەو دیدارەدا سەرۆك بارزانی كورتەیەكی لە مێژووی خەباتی گەلی كوردستان و قۆناغی ڕاپەڕین و دوای ڕاپەڕین بۆ شاندی میوان خستەڕوو. دووپاتی لەوە كردەوە كە سەركەوتنی ئەزموونی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە گەلی كوردستان لە دوای ڕاپەڕین، لێبوردە بوو و دەستی بۆ تۆڵەسەندنەوە لە نەیارەكانی نەبرد، لاپەڕەیەكی تازەی لە ژیانی سیاسیی خۆی كردەوە.
سەرۆك بارزانی لە گوتەكانیدا پێوەست بە بارودۆخی سیاسیی عێراق، دووپاتی لەوە كردەوە كە بۆ چارەسەركردنی كێشەكان، پێویستە لە چوارچێوەی دەستووردا هەموو لایەك پابەندی بنەماكانی هاوبەشی و هاوسەنگی و سازان بن.
لە بەشێكی تری ئەو دیدارەدا لەبارەی كێشە جەوهەرییەكانی ناوچەكە و بارودۆخی سووریا، ئامادەبووان كۆمەڵێك پرسیار و تێبینییان ئاراستەی سەرۆك بارزانی كرد و سەرۆك بارزانیش وەڵامی تێبینی و پرسیاری ئامادەبووانی دایەوە.
پێشانگەی نێودەوڵەتی کتێب لە هەولێر ساڵانە لە مانگی نیساندا دەکرێتەوە، جیا لە نووسەرانی کورد و کتێبی خۆماڵی، ئەم پێشانگەیە زۆرێک لە نووسەر و پڕۆفیسۆر لە وڵاتانی عەرەبی و جیهاندا رادەکێشێت.