لە سەڵاحەدین سەرۆك مەسعوود بارزانی، پێشوازیی لە بەڕێوەبەر و یاریزانان و ستافی یانەی وەرزشیی دهۆك كرد.
لەو دیدارەدا كە د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆكیش ئامادە بوو، سەرۆك بارزانی بە گەرمی بەخێرهاتنی یانەی وەرزشیی دهۆكی كرد و پیرۆزبایی سەركەوتن و بەدەستهێنانی قارەمانێتیی جامی كەنداوی لێ كردن، دەستخۆشی لە یاریزانان و ستاف و بەڕێوەبەر و هەموو ئەوانە كرد كە ڕۆڵیان لەو سەركەوتنە مێژووییەدا هەبووە.
بەگوێرەی هەواڵی بارەگای بارزانی، سەرۆك بارزانی ئاماژەی بە ڕۆڵی وەرزش و وەرزشوانان لە ژیانی گەلان دا و ئەوەشی خستەڕوو، ئێوە دەتوانن لە سیاسەت زیاتر و باشتر دۆزی گەلەكەتان بە دنیا بناسێنن.
سەرۆك بارزانی پاڵپشتیی خۆی بۆ یانەی وەرزشیی دهۆك و سەرجەم وەرزشوانانی كوردستان دووپات كردەوە و هیوای سەركەوتن و بەردەوامی بۆ خواستن.
هەر لەو دیدارەدا شاندی میوان سوپاسی پاڵپشتی و خەمخۆریی سەرۆك بارزانییان كرد و ڕایان گەیاند، پاڵپشتییەكانی سەرۆك بارزانی ئیرادەی سەركەوتن و ورەی زۆری پێ بەخشیون و ئەو سەركەوتن و جامەی بە دەستیان هێناوە، وەك دیاری پێشكەشی سەرۆك بارزانیی دەكەن.