یانەی قادسییەی كوێتی سوپاسی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان دەكەن، دووپات لەوە دەكەنەوە كە باشترین مامەڵەیان لەگەڵ كراوە و پێشوازییەكەیان نایاب بووە.
یانەی قادسییەی كوێتی لە x پەیامێكیان بڵاو كردەوە و تێیدا هاتووە، شێخ فەهد تەڵاڵ ئەلفەهد ئەلسەباح جێگری سەرۆكی دەستەی كارگێڕی یانەی یەكەمی قادسییە، سوپاس و پێزانینی خۆی ئاراستەی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و كوڕەكەی ئارین بارزانی و د. عەلی تەتەر پارێزگاری دهۆك كرد، بۆ پێشوازیی گەرم، میوانداری، ئاسانكاری و نەهێشتنی هیچ كۆسپێك لە بەردەم شاندی یانەكەمان، لە كاتی ئامادەبوونیان لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا لە پارێزگای دهۆك بۆ بەشداریی لە یاریی گەڕانەوەی خولی پاڵەوانەكانی كەنداو.
"ئەو پێشوازییە نایاب و بەخشندەییەی لە شاندی یانەكەمان كرا، تەنیا لەسەر ئاستی فەرمی نەبوو، بەڵكو لەسەر ئاستی جەماوەریش بوو. خەڵكی دهۆك بە گەنج و پیرەوە، هێمای میهرەبانی و نموونەی میوانداری و مامەڵەی ڕەوشتبەرزی بوون"، لە ناوەڕۆكی پەیامەكەدا وا نووسراوە.
دووپات لەوەیش كراوەتەوە كە ئەو مامەڵە و میواندارییە، سەلمێنەری ئەوەیە "لایەنی وەرزشی باشترین ڕێگەیە بۆ لێك نزیككردنەوەی گەلان و چەسپاندنی پێوەندیی برایەتییان."
ئێوارەی رۆژی سێشەم یاریی نێوان یانەی دهۆك و قادسییەی كوێتی بەڕێوەچوو، لە ئەنجامدا بە دوو گۆڵ بەرانبەر گۆڵێك، یانەی دهۆك توانی جامی كەنداو بۆ یەكەمجار لە مێژوودا بباتەوە.