پەرلەمانتارێكی پێشوو: شاسوار متمانەی لەدەست داوە و هەڵبژاردنی داهاتوو دەپووكێتەوە

:: PM:08:13:20/04/2025 ‌

پەرلەمانتارێك وەڵامی قسەكانی شاسوار عەبدولواحید سەرۆكی جووڵانەوەی نەوەی نوێ دەداتەوە، كە لەبارەی حكوومەتی هەرێم و پارتی دیموكراتی كوردستان كردی و ئاماژە دەكات، شاسوار كەسێكی حیساب بۆ نەكراوە و هیچ پێگەیەكی نییە، هیچ كەس و لایەنێك حیسابی بۆ ناكات و دەبێت هەر لە دوورەوە قسە لەسەر حكوومەت بكات.

ئەمڕۆ یەكشەم 20ی نیسانی 2025، سەعید هەركی ئەندامی پێشووی پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، ئەو هاشوهوشەی شاسوار لەم كاتەدا تەنیا وەشاندنی پەڕوباڵیەتی، چونكە لە كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان هیچ حیسابێكی بۆ نەكراوە، هەر لە سەرەتاوە زۆر پەنجەی راوەشاند، بەڵام هیچ سوودی نەبوو.

هەروەها گوتی، شاسوار هیچ پێگەیەكی نییە و كار بۆ بازرگانییەكەی دەكات، ئەو تا ماوە دەبێت خەون بە حكوومەت ببینێت و لە دوورەوە سەیر بكات، لای خەڵكیش متمانەی نامێنێت و بگرە كەسێكی نەزانە و تەنیا دەتوانێت قسە بكات و هیچی تر، بە باسكردنی پارتی و حكوومەت دەیەوێ خۆی لای خەڵك پێشان بدات و ببێتە باس، بەڵام هیچ كەس و لایەنێك حیسابی بۆ ناكەن و دەبێت هەر لە دوورەوە قسە لەسەر حكوومەت بكات.

هەركی دووپاتی كردەوە، خەڵك متمانەی بە شاسوار نەماوە، ئەگەر بەشداریی حكوومەتی بكردایە یان ئەوەی ئێستە ئۆپۆزسیۆنە، لە هەردوو سەرەوە بەرەو بێمتمانەیی دەڕوات و لە هەڵبژاردنی داهاتوو بە تەواوی لەناو دەچێت، چونكە خەڵك بۆی دەركەوتووە كە هیچی لەدەست نایەت و هیچی نەكردووە.

هەر لەوبارەوە تەحسین محەمەد چاودێری سیاسی بە "وشە"ی گوت، شاسوار كەسێكی حیساب بۆ نەكراوە لە هەرێمی كوردستان و تەنیا لە كاتی هەڵبژاردن دەردەكەوێت و خەڵك هەڵدەخەڵەتێنێت، ئەگینا تا ئێستە كارێكی بۆ خەڵك نەكردووە، بۆیە ئەو كەسێكی ساختەچییە و بەمزووانە ئاشكرا دەبێت و خۆری ئاوا دەبێت.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت