بە دەستپێشخەریی سەرۆك بارزانی ڕابەری نیشتمانیی كوردستان، كە لە سایەیدا هەرێمی كوردستان بووەتە پەناگەیەكی ئارام بۆ گشت پێكهاتە ئاینی و نەتەوەییەكان و نموونەیەكی گەشی پێكەوەژیانی ئاشتییانە لە دنیادا؛ بۆ جاری یەكەم لە ڕۆژانی 23 بۆ 25ـی ئەم مانگە لە هەولێر، ڕۆژی نزای نیشتمانی (The National Prayer Breakfast) لە ژێر دروشمی (بەرەو یەكبوون لە باوەڕدا) بەڕێوە دەچێت.
ڕۆژی نزای نیشتمانی، ڕۆژێكە بۆ ڕێزگرتن و یادكردنەوەی پێكەوەژیانی ئاشتییانەی نێوان پێكهاتە و ئاینە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان، یەكەم ساڵە لە هەرێمی كوردستان بەڕێوە دەچێت و دەبێتە نەریتێكی ساڵانە.
ساڵانە ئەم ڕێوڕەسمە ئاینییە لە وڵاتانی تری دنیایش دەكرێت، بەڵام لە هەرێمی كوردستان جیاواز دەبێت، بەو پێیەی باوەڕدار و پێڕەوانی هەموو ئاینییەكان تێیدا بەشدار دەبن، لە كاتێكدا لە وڵاتانی تر تەنیا پێڕەوانی یەك ئاین بەشدار دەبن.
بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی بڵاو كراونەتەوە، زیاتر لە 400 كەس بەشداریی لەو بۆنەیەدا دەكەن كە بریتین لە ژمارەیەك كەسایەتیی سیاسی و ئاینی ئەمەریكایی، ئەندامانی پەرلەمانی یەكێتیی ئەوروپا، دیپلۆماتكار، بەرپرسانی وڵاتان و كەسایەتیی ئاینی، كولتووری و كۆمەڵایەتیی وڵاتان.
هەریەكە لە سەرۆك بارزانی و نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان و مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ژمارەیەك بەرپرسانی عێراق و هەرێمی كوردستان و ئەمەریكا و ئەوروپا و دنیا بەشداریی دەكەن.
رۆژی چوارشەم 23ی نیسان، ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی لە كوردستان دەست پێ دەكات، لە ڕێوڕەسمەكەدا هەریەكە لە سەرۆك بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان و چەند كەسایەتییەكی تری عێراقی و جیهانی گوتار پێشكەش دەكەن.
هەروەها كەسایەتییە ئاینییەكانی ئیسلام، كریستیان، ئێزیدی و ئاینەكانی تر، هەمووان پێكەوە نزایەكی بە كۆمەڵ بۆ هەرێمی كوردستان دەكەن.
لە ڕۆژی كۆتایی ڕێوڕەسمی ڕۆژی نزای نیشتمانی، میوان و پێڕەوانی هەموو ئاینەكانی هەرێمی كوردستان، پێكەوە سەردانی ژمارەیەك مزگەوت، كەنیسە و پەرستگە لە پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و دەشتی نەینەوا دەكەن.