دوای ئەوەی دوێنی لەلایەن هێزەكانی ئۆپراسیۆنی ئاسایشەوە، هێرشی كرایە سەر و لێی درا، ئەمڕۆ قوباد تاڵەبانی سەردانی زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی یەكێتیی لە سلێمانی كرد.
دوێنی دوای كۆتاهاتنی دابەشكردنی خەڵاتی بلە لەلایەن كۆمەڵێك لە ئاسایشی ئۆپراسیۆن، هێرش كرایە سەر زیاد جەبار بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە سلێمانی و لێی درا، ئەوەیش كاردانەوەی ناوخۆیی و لایەنگرانی یەكێتی لێ كەوتەوە كە ئەو هێزە هێرش بكەنە سەر گەورەترین مەڵبەندی یەكێتی، چی لە لایەنگرانی تر و هاووڵاتییانی ئاسایی دەكەن؟.
ئەمڕۆ بۆ داوای لێبوردن و وەك خۆی نووسیویەتی، گەیاندنی پەیامی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتی، قوباد تاڵەبانی سەردانی زیاد جەباری كرد، ئەوە دوای ئەوەی شەوی رابردوو عەشیرەتەكەی زیاد جەبار هەڕەشەیان كردبوو ئەگەر رێوشوێن دژی ئەو ئاسایشانە نەگیرێتەبەر، هەڵوێستیان دەبێت.
سەرچاوەیەكی ئاگادار بە "وشە"ی راگەیاند، قوباد تاڵەبانی بۆ دڵنەوایی و دڵنیاكردنەوەی زیاد جەبار سەردانی كردووە. بەڵێنی داوە رێوشوێن دژی ئەو ئاسایشانە و ئەوەیش بگیرێتەبەر كە لە پشتی ئەو كارەوە بوون.
ڕوونیشی كردەوە كە لە كۆبوونەوەكەدا قوباد تاڵەبانی رای گەیاندووە، ئەو هێزەی ئاسایش بەمشێوەیە راهێنراون كە لە هەموو دۆخێكدا ئامادە بن و "حیساب بۆ هیچ نەكەن"، بەڵام ئەوە كارێكی هەڵەیە كراوە.
هەمان سەرچاوە باسی لەوەیش كرد كە لە دانیشتنەكەدا جگە لە "سوپاسكردن بۆ سەردانەكەی" زیاد جەبار هیچی بە قوباد تاڵەبانی نەگوتووە، ئەوەیش بەهۆی ئەوەی دانیشتنەكە قەرەباڵغ بووە و خەڵكی تری تێدا بووە.
ئەوەیش ئاشكرا كراوە كە بۆ ماوەیەكی كەم، زیاد جەبار و قوباد تاڵەبانی لە ژوورێكی تری ماڵەكەیدا كۆبوونەتەوە كە كەمتر لە 10 خولەكی خایاندووە.
هێرشی سەر زیاد جەبار لێپرسراوی مەڵبەندی سلێمانی یەكێتی لەلایەن ئاسایشی ئۆپراسیۆنەكانەوە، بە ڕووداوێكی گەورە دادەنرێ، چونكە دەرخەری ئەوەیە كە ئەو هێزە سەربازییانەی سلێمانی وەك "میلیشیا" مامەڵە دەكەن.