لەبەرئەوەی كە دوێنێ لەلایەن ئاسایشی ئۆپەراسیۆنەكانەوە پەلاماری درا، ئەمڕۆ سەركردایەتیی یەكێتی بڕیاری دا ئەركی رێكخستنەوە و چاكسازی هێزە تەناهییەكانی بداتە دەست زیاد جەبار بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی.
دوێنێ دوای كۆتاهاتنی دابەشكردنی خەڵاتی بلە، لەلایەن كۆمەڵێك لە ئاسایشی ئۆپەراسیۆن هێرش كرایە سەر زیاد جەبار بەرپرسی مەڵبەندی یەكێتی لە سلێمانی و لێی درا، ئەوەیش كاردانەوەی ناوخۆیی و لایەنگرانی یەكێتیی لێ كەوتەوە كە ئەو هێزە هێرش بكەنە سەر گەورەترین مەڵبەندی یەكێتی، چی لە لایەنگرانی تر و هاووڵاتییانی ئاسایی دەكەن؟!.
ئەمڕۆ لە كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی سەركردایەتیی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، وێڕای دەربڕینی پشتیوانیان بۆ زیاد جەبار ئەندامی سەركردایەتی، هەروەها دووپات كرایەوە كە دڵنیان داودەزگا تەناهییەكان رێكاری یاسایی و "ئینزباتی" پێویستیان گرتووەتە بەر بەرانبەر بەوانەی لە رووداوی دوێنێدا پەلاماری زیاد جەباریان داوە.
میدیای فەرمیی یەكێتی بڵاوی كردەوە، بافڵ تاڵەبانی بڕیاری دروستكردنی لیژنەیەك بۆ رێكخستنەوە و چاكسازی لە كاروباری هێزە تەناهییەكانی تایبەت بە دەزگا حزبی و مەدەنییەكانی دا، كە بڕیار وایە َزیاد جەبار سەرپەرشتی لیژنەی ناوبراو بكات.