ئەمڕۆ لە دوكان، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بەمەبەستی كۆبوونەوە سەردانی بافڵ تاڵەبانی سەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستانی كرد، هەردوو شاندی پارتی و یەكێتیش بۆ پێكهێنانی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێم ئامادە بوون.
لەگەڵ گەیشتنی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان، بە تەوقەیەكی گەرموگوڕ لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی، چووە ژووری دانیشتنەكە و تەواوی شاندی پارتی و یەكێتی لە پێشوازیدا وەستابوون.
لە هەموو كۆبوونەوە و رێوڕەسمە فەرمییەكانی هەرێمی كوردستان و تەنانەت كۆبوونەوەكانی نێوان پارتی و یەكێتیش، بەردەوام ئاڵای حزبی یان ئاڵای كوردستان و عێراق دادەنرێ، بەڵام لەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆ كە لە ماڵی مام جەلال لە دوكان بەڕێوەچوو، لە هۆڵی پێشوازی و دانیشتن هیچ ئاڵایەك دانەنرا.
بەگوێرەی پرۆتۆكۆڵ لەو جۆرە كۆبوونەوانەدا كە زیاتر تایبەتن بە ناوخۆی هەرێمی كوردستان، بەلایەنی كەمەوە ئاڵای كوردستان دادەنرێ ئەگەر هی لایەنەكان یان عێراقیش دانەنرێ.
رەسووڵ ساڵح شارەزای پێوەندییە گشتییەكان و پرۆتۆكۆڵ، لەبارەی دانەنانی ئاڵا لە كۆبوونەوەیەكی فەرمی لەمشێوەیە، بۆ "وشە" گوتی، دانەنانی ئاڵا لە كۆبوونەوەیەكی فەرمیدا چەند نیشانەیەكی هەیە، دەكرێت ئەو كۆبوونەوەی ئەمڕۆیش هەر بەمشێوەیە لێكدانەوەی بۆ بكرێ.
ئەو گوتی، دانەنانی ئاڵا لە نێوان كۆبوونەوەی دوو شانددا هێمای یەكەمی ئەوەیە، ئەو دوو لایەنە زۆر دۆستن و دانیشتنەكانیان پێشوازیی هاوڕێیانە و دۆستانەیە.
هەروەها گوتی، هەندێك جاریش لێكدانەوەی ئەوەی بۆ دەكرێ كە ئەو شوێنەی كۆبوونەوەی لێ دەكەن، هەردوولا بە ماڵی خۆیانی دەزانن، بۆیە پێویست نییە بیخەنە چوارچێوەی فەرمی.
كۆبوونەوەی ئەمڕۆی پارتی و یەكێتی بە ئامادەبوونی مەسروور بارزانی و بافڵ تاڵەبانی، بۆ پێكهێنانی حكوومەتی نوێی هەرێمی كوردستانە.