كەرتی تەندروستی یەكێكە لەو كەرتانەی كە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوام لەپێناو سەلامەتیی هاووڵاتی و نەخۆشان و بەرەوپێشچوونی گرنگی تایبەتی پێ داوە، لەگەڵ ئەوەی ساڵانە بودجەیەكی زۆر بۆ ئەو كەرتە تەرخان دەكرێت و داهاتێكی كەمی هەیە.
ئەو هاووڵاتییانەی رۆژانە و مانگانە و ساڵانە دەچنە نەخۆشخانە حكوومییەكان، هەر لە نەخۆشێكی ئاسایی تا ئەوانەی تووشی نەخۆشیی درێژخایەن بوون، تێچوویەكی زۆر لەسەر حكوومەت دەكەوێت، لەگەڵ ئەوەشدا هیچ كەمتەرخەمییەك لە لایەن حكوومەت نەكراوە و بەردەوام لە نەخۆشخانەكان بە تێچوویەكی كەمتر لە نەخۆشخانە تایبەتەكان، نەخۆش چارەسەر وەردەگرێت.
یەكێك لە بەشەكە گرنگەكانی نەخۆشخانەكان، بەشی چاودێری وردە، ئەو بەشە ساڵانە پێویستیی بە ملیۆنان دۆلارە و تێچوویەكی زۆری هەیە، مانەوەی یەك نەخۆش لە بەشی چاودێری ورد بۆ ماوەی 24 سەعات، پێویستی بە سێ هەزار دۆلارە، یەك بێدی ئەو بەشە پێویستیی بە 10 هەزار دۆلارە، وەك بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی سلێمانی ئاماژەی پێ كردووە.
هەروەها نەخۆشێكی ئاسایی كە دەچێتە نەخۆشخانە بە پەتایەك و قوڕگئێشە و نەخۆشییە كاتییەكان، بڕێك پارە لەسەر حكوومەت دەكەوێت، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم دەڵێت، هەر لە كەمەوە تا زۆر تێچووی نەخۆش لە نەخۆشخانەكان پارەیەكی زۆر لەسەر حكوومەت دەكەوێت.
لەوبارەوە سەركار سورچی گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی حكوومەتی هەرێم بە "وشە"ی راگەیاند، بۆ داتایەكی فەرمی، ئەوە روونە بابەتێكی قورسە، بەڵام نەخۆشخانە تا نەخۆشخانە و نەخۆش تا نەخۆش جیاوازە، هەروەها ماوەی مانەوە و ئەو پشكنینانەی كە ئەنجام دەدرێن، بەپێی كەیسەكە، تا زۆر بمێنێتەوە زیاتر دەكەوێت، ئەو دەرمانانەی بەكار دەهێنرێن، نەشتگەری و پشكنین و خەواندن جیاوازن، هەریەكە و تایبەتمەندیی خۆی هەیە.
وشە/ هۆشیار عەلی