جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، نیگەرانن لە دواخستنی دانانی ئامێرەكانی راكێشانی پارە لەلایەن بانكی "TBI" عێراقییەوە لە شارەكانی هەرێمی كوردستان، ئەمە وێڕای ئەوەی 40 هەزار داواكاریی هەژماری من لەم بانكە پڕ كراوەتەوە. هاوكات ئاشكرایشی كرد، حكوومەتی هەرێم سكاڵای لەسەر بانكەكە تۆمار كردووە.
ئەمشەو سێشەم 29ی نیسانی 2025، عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەتی هەرێم لە پەیامێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتی X بڵاوی كردووەتەوە، بەر لە ساڵێك سەرۆكی بانكی "TBI" بەڵێنی دابینكردنی 100 ئامێری راكێشانی پارەی دا لە هەرێمی كوردستان لە چوارچێوەی پڕۆژەی هەژماری مندا.
لە درێژەی پەیامەكەی جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆكی حكوومەت هاتووە، وێڕای ئەوەی 40 هەزار مووچەخۆر لە چوارچێوەی هەژماری مندا داواكارییان لەو بانكە پێشكەش كردووە، بەڵام تا ئێستە بانكەكە بڕیاری كڕینی ئامێرەكانی راكێشانی پارەی نەداوە، هەروەها چاپی كارتی بانكی مووچەخۆرانی مەدەنیشیان دواخستووە.
لە درێژەی پەیامەكەی عەزیز ئەحمەددا هاتووە، پێشكەكاران چاوەڕوانی خزمەتگوزاریی باشتر بوون لەو بانكە، چونكە بانكێكی حكوومیی پێشەنگە لە عێراق.
لە كۆتایی پەیامەكەیدا ئاشكرای كردووە، بەم هۆیەوە حكوومەتی هەرێم سكاڵای لە بانكەكە تۆمار كردووە لەلایەن بانكی ناوەندیی عێراقی و وەزارەتی دارایی لە بەغدا.