پارێزگاری هەولێر و قەزوین رێككەوتن

:: AM:09:14:30/04/2025 ‌
دوای ئەنجامدانی یەكەمین كۆبوونەوەی نێوان ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و محەمەد نووری پارێزگاری قەزوین بەئامادەبوونی شاندی هەردوولا، لە دیوانی پارێزگای قەزوین، لێكتێگەیشتنی نێوان هەردوو پارێزگا لە پێناو پتەوكردنی پێوەندییە گشتییەكان و بە هێزكردنی جووڵەی بازرگانی و ئابووری نێوان هەولێر و قەزوین، گەیشتن بە ڕێككەوتن و بەرفراوانكردنی بەرژەوەندییە ئابوورییە هاوبەشەكان، لێكتێگەیشتنی هەولێر و قەزوین واژوو كرا. 

ئەمەش دەقەكەیەتی:- 
مادەی یەكەم:
هەردوولا ڕێوشوێنی پێویست دەگرنەبەر بۆ ئاسانكاریی وەبەرهێنان، ئەنجامدانی بازرگانی، پێشوازی و ناردنی شاندیی بازرگانی، گواستنەوەی تەكنەلۆجیا، هاوكاریكردن لە پەرەپێدانی بازاڕی كەرتی تایبەت و ڕێكخستنی پێشانگەی هاوبەشی هەردوولا. 

مادەی دووەم:
هەردوولا ڕێككەوتن لەسەر لێكۆڵینەوە و تاوتوێكردن لە ئەگەری دامەزراندنی شارۆچكە تایبەتمەندەكان لە بوارەكانی پیشەسازی، بازرگانی، كشتوكاڵ، گەشتیاری، تەندروستی لە هەردوو پارێزگاكەدا. 

مادەی سێیەم:
ڕێككەوتن كرا كە كۆبوونەوەكانی نێوان هەردوولا بەردەوام بن، بۆ تاوتوێكردنی چۆنیەتیی بەردەوامیدان بە هاوكارییەكان و خستنەڕووی نەخشەڕێگەیەك لە هەردوو پارێزگاكەدا.


وشە - رامیار جەواد