وەزیری تەندروستی لەبارەی بڵاوبوونەوەی ئەو دەنگۆیانەی كە باس لەوە دەكرێت لە كوردستان حاڵەتی تووشبوون بە تای خوێنبەربوون بوونی هەیە بەڵام دەشارێتەوە، قسەی خۆی هەیە.
ئەمڕۆ چوارشەم 30ـی نیسان، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ـی راگەیاند، تا ئێستە هیچ حاڵەتێكی تای خوێنبەربوون لە كوردستاندا تۆمار نەكراوە.
زیاتر گوتی، ئەوەی هەیە لە عێراق تۆمار كراوە، هیچ حاڵەتێك لە كوردستاندا تۆمار نەكراوە و بە وردی چاودێریی دۆخەكە دەكەین.
لەلایەكی تریشەوە هیوا عەلی گوتەبێژی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، بە "وشە"ـی راگەیاند، هەڵمەتی ڕشاندن ماوەی هەفتەیەكە بەردەوامە، هەفتەیەكی تریش بەردەوامی دەبێت دژی بڵاوبوونەوەی تای خوێنبەربوون.
زیاتر گوتی، بەپێی راپۆرتی لیژنەكان كە لە كشتوكاڵی شار و شارۆچكەكان بۆمان گەڕاوەتەوە، خۆشبەختانە هیچ حاڵەتێكی بڵاوبوونەوەی ئەو پەتایە نییە، ئەو هەڵمەتەشی هەیە پێشگر دەبێت، چونكە ڕشان بۆ لەناوبردنی ئەو زیندەوەرانەی دەبنە هۆی بڵاوبوونەوەی پەتاكە، بەفراوانی بەڕێوە دەچێت.
باسی لەوەش كرد، تیمەكانیان جگە لەو هەڵمەتە، لە ڕێگەی مزگەوتەكان و یەكێـتیی زانایانیش، رێنوێنی بە هاووڵاتییان دەدەن بۆ ئەوەی هاووڵاتییان پابەندی كار و سەلامەتی بن.
باسی لەوەش كرد، ئەو ڕشانە بۆ ماوەی 15 ڕۆژە و ئەو پەتایەش لە سەرەتای گەرما بڵاو دەبێتەوە، خۆشبەختانە ئێمە پێش بڵاوبوونەوەی رێمان پێ گرت و هەڵمەتێكی فراوانمان دەست پێ كرد.
تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكە ئاژەڵ لە ڕێگەی گەنەوە تووشی دەبێت، لە رێگەی ئاژەڵی هەڵگری ڤایرۆسەكەوە دەگوازرێتەوە بۆ مرۆڤ، بە هۆی مامەڵە و بەركەوتەی راستەوخۆ لەگەڵ ئاژەڵەكانی وەك مەڕ، بزن، رەشەوڵاخ، سەگ و پشیلە. هۆكاری تریش هەن كە لە رێگەی گۆشتی كاڵ و خوێنەوە، بەهۆی ئەو گەنەیەی كە ڤایرۆسەكە سوڕی ژیانی خۆی تێدا تەواو كردووە، دەگوازرێتەوە، لە ماوەی رابردوودا چەند حاڵەتێك لە عێراق تۆمار كرا، لە هەرێمی كوردستانیشدا ڕێوشوێنی توند گیراوەتەبەر.