وەڵامتان بە كوردی بدەنەوە

:: PM:12:46:30/04/2025 ‌
جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، لەگەڵ وەزیری خوێندنی باڵا قسەم كردووە و قوتابیانی زانكۆ لە كەركووك دەتوانن بە كوردی وەڵامی پرسیارەكان بدەنەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم 30ـی نیسان، دوای پێوەندییە تەلەفۆنییەكەی نێوان دكتۆر شاخەوان عەبدوڵا جێگری سەرۆكی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق و دكتۆر نەعیم عەبوودی وەزیری خویندنی باڵای حكوومەتی عێراق، بڕیار درا سەرجەم قوتابیان لە تاقیكردنەوەكاندا بە كوردی وەڵام بدەنەوە و هیچ گرفتێك نەما.

ساڵانی پێشوو كێشە بۆ قوتابیانی كورد دروست دەكرا، كاتێك بە زمانی كوردی وەڵامیان دەدایەوە، بەڵام بۆ تاقیكردنەوەی كۆتایی ئەم وەرزەی خوێندن، دەتوانن بە ئارەزووی خۆیان بە زمانی دایك وەڵام بدەنەوە.

ئەوە لە كاتێكدایە بەردەوام كێشە بۆ قوتابیانی كورد لە كەركووك دروست دەكرێت و لە كاتی تاقیكردنەوەكاندا، بەشێك لە مامۆستایان رێگە نادەن بە كوردی وەڵام بدەنەوە.


وشە - رامیار جەواد