دارایی هەرێم 45 ملیار دیناری بۆ سلێمانی و هەڵەبجە خەرج كرد

:: PM:04:11:30/04/2025 ‌
وەزیری دارایی و ئابووری حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، زیاتر لە 45 ملیار دیناریان بۆ پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین خەرج كردووە. 

وەزارەتەكە ئەمڕۆ رای گەیاندووە، بەمەبەستی بەدواداچوون بۆ كێشە و گرفتەكانی سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری، سەرپەرشتیی چەند كۆبوونەوەیەكی كرد لەگەڵ بەرپرسانی ئیداری و یەكێتیی بەڵێندەران و بانكەكانی سەربە وەزارەت، دوای ئەو كۆبوونەوانە و ئاگاداربوون لە كێشە و گرفتەكان، وەزیری دارایی و ئابووری چەند بڕیارێكی لە بەرژەوەندیی بەڵێندەران و ئەو كۆمپانیایانە دەركرد كە سەرقاڵی ئەنجامدانی پڕۆژەكانن.

وەزیری دارایی بڕیاری دا بە خەرجكردنی زیاتر لە 45 ملیار دینار بۆ دەرمان و پێداویستیی تەندروستیی سلێمانی و نەخۆشخانەی هیوا، شەقامی 100 مەتری سلێمانی و ڕێگەی دووسایدی كەلار- دەربەندیخان، شایستەی كۆمپانیاكانی خۆڵ و خاشاك و پڕۆژە بەردەوامەكانی پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی گەرمیان و ڕاپەڕین.
 
هاوكات هەر لە چوارچێوەی بڕیارەكاندا وەزیری دارایی و ئابووری بڕیاری دا بە بەردەوامبوونی لیژنەی خەرجكردنی گەڕانەوەی بەڵێندەران لە سەرجەم بانكەكان، بەمەبەستی گەڕانەوەی پابەندییەكان بە پێی ڕێژە و گوژمەی دیاریكراو.

پوختەی ئەو پارانەی كە خەرج كراون:

چوار ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی سلێمانی.   
چوار ملیار دینار بۆ خەرجی دەرمان بۆ نەخۆشخانەی هیوا. 
سێ ملیار و 500 ملیۆن دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەكانی سلێمانی و دەوروبەری.   
سێ ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەكانی ئیدارەی گەرمیان.                  
دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەكانی ئیدارەی ڕاپەڕین.     
دوو ملیار دینار بۆ سەرجەم پڕۆژەكانی پارێزگای هەڵەبجە.       
پێنج ملیار دینار بۆ پڕۆژەی ڕێگەی دوو سایدی كەلار- دەربەندیخان.     
20 ملیار دینار وەك شایستەی دارایی پڕۆژەی شەقامی ١٠٠ مەتری سلێمانی (شاڕێی بابان ).
یەك ملیار و 500 ملیۆن دینار پارەی خۆڵ و خاشاك.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم