یەكێتی فشارەكانی بۆ سەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات چڕ دەکاتەوە، لە سلێمانی سێ حزبی ڕۆژهەڵات ئاگەدار دەكرێنەوە بۆ داخستنی بارەگاكانیان.
ڕۆژی 29ی ئەم مانگە لەلایەن ئاسایشی سلێمانییەوە سێ حزبی ڕۆژهەڵاتی كوردستان ئاگەدار كراونەتەوە كە دەبێ هەرچی زووە بنكە و بارەگاكانیان لە زڕگوێز و زرگوێزەڵە كە شوێنی خەڵكی سیڤیلی حزبەكانە، چۆڵ بكرێت و بگوزارێنەوە بۆ كەمپی سورداش.
ماڵپەڕی "شار" كە ماڵپەڕێكی لۆكاڵی سلێمانییە بڵاوی كردووەتەوە، ئەو سێ حزبەی لەلایەن ئاسایشەوە ئاگەدار كردنەوەكەیان بۆ چووە بریتین لە "كۆمەڵەی شۆڕشگێڕیی زەحمەتكێشانی كوردستانی ئێران، ڕێكخراوی كوردستانی حزبی كۆمۆنیستی ئێران و كۆمەڵەی زەحمەتكێشانی كوردستان".
هاوكات سەرچاوەیەك لە یەكێك لەو حزبانە رای گەیاند، لە كاتێكدا هیچ ئامادەكاریی سەرەتایی بۆ ژیانی ژن و منداڵ نەكراوە، تەنانەت بنكەیەكی پزیشكیشی لێ نییە، ئاگەدار كراوینەتەوە بۆ ئەوەی ئەو خێزانانە ببەینە سورداش، ئەمەش پێچەوانەی ئەو ڕێكەوتنەیە كە پێشتر كراوە.
یەكەم جار نییە كە ئەو گوشارانە لەسەر حزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان دروست دەكرێت، پێشتریش چەندان جار بە چڕی بۆردمانی قەڵاتی حزبی دیموكرات لە سنووری كۆیە كراوە.