ناوەڕۆكی كۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان بڵاو كرایەوە

:: PM:06:33:30/04/2025 ‌
بە سەرپەرشتیی، مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆك وەزیران، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی كوردستان كۆبووەوە.

لە سەرەتای كۆبوونەوەكەدا، كەمال محەمەد ساڵح، وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، دوا پێشهاتەكانی پێوەندیدار بە گفتوگۆ و دانوستانەكانی تایبەت بە دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان لەسەر بنەمای یاسای هەمواری یەكەمی یاسای بودجەی گشتیی عێراقی فیدراڵ و ئەنجامی كۆبوونەوەی هەردوو حكومەتی هەرێم و فیدراڵ و كۆبوونەوەی هاوبەشی حكومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان خستەڕوو.

وەزیری سامانە سروشتییەكان بە وەكالەت، لە ڕاپۆرتێكدا، ڕوونی كردەوە كە وەزارەتیان ئەوەندەی پێوەندی بە حكوومەتی هەرێم هەبێت، پابەندییەكانی خۆی بەتەواوی جێبەجێ كردووە بە ئاراستەی هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوتی هەرێم و دانانی داهاتەكەی لە گەنجینەی گشتیی فیدڕاڵ، لەم ڕووەوە هیچ ئاستەنگ و بەربەستێك لەلایەن هەرێمی كوردستانەوە نییە بۆ دەستپێكردنەوەی هەناردەكردنی نەوتی هەرێم.

دواتر هەریەك لە ئومێد سەباح، سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران و ئامانج ڕەحیم، سكرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، وردەكاریی تەوەرەكانی گفتوگۆی نێوان لایەنە پێوەندیدارەكانیان لەسەر ئاستی حكوومەتی فیدڕاڵ و حكوومەتی هەرێم و كۆمپانیا نەوتییەكان خستەڕوو و ئاماژە بەو بڕگانەی گفتوگۆكان درا كە بەرەوپێشچوونی باشیان بەخۆوە بینیوە و هەوڵەكان بەردەوامن بۆ یەكلاییكردنەوەی ئەو تەوەرانەی ماون و پەیوەندیدارن بە كۆمپانیا نەوتییەكان.

ئەنجوومەنی وەزیران هەڵوێستی نەگۆڕی خۆی بۆ پشتیوانیی دانوستان و گفتوگۆكانی نێوان هەردوو وەزارەتی نەوت و سامانە سروشتییەكان دووپات دەكاتەوە بۆ هەرچی زوو دەستپێكردنەوەی هەناردەی نەوت. لەم پێناوەشدا، ئەنجومەنی وەزیران داوا لە وەزارەتی سامانەسروشتییەكان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ و كۆمپانیا نەوتییەكان و كۆمپانیای سۆمۆ دەكات، لە هاوئاهەنگی و دانوستان بەردەوام بن بۆ ئەوەی لە زووترین كاتدا، بابەتەكان یەكلایی بكەنەوە و بگەنە ڕێككەوتن و دەست بە هەناردەكردنەوەی نەوتی هەرێم بكەن بۆ ئەوەی چیتر زیانی دارایی بە گەنجینەی گشتی نەگات كە دەیان ملیار دۆلاری تێپەڕاندووە.

لە بڕگەی دووەمدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێكخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی كوردستان كرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتی یەكگرتووی ژمارە 9 ی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی، لەم بڕگەیەدا لەلایەن عەبدولحەكیم خسرەو سەرۆكی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون ڕاپۆرتێك خرایەڕوو.

لە دوای گفتوگۆ و ڕاگۆڕینەوە، ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتكردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوكردنی تایبەتمەندییان كە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردووە و شایانی خزمەتكردنن، ئەنجومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی (دارایی و ئابووری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد ، بەزووترین كات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێكبهێنن بۆ دانانی ڕێكار و میكانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانكاریی لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێكارەكانی خانەنشینی و خەرجكردنی مووچە و شایستەكانی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لە كەرتەكانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێك كە ڕاییكردنی مامەڵەكانی خانەنشینی و خەرجكردنی شایستەكانیان دوا نەكەوێت.



وشە - سه‌رخێڵ هاشم