ئەنجوومەنی وەزیران لەبارەی خانەنشیان چی دەكات؟

:: PM:06:45:30/04/2025 ‌
لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستان كە بە سەرۆكایەتی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیران بەڕێوەچوو، گفتوگۆ لەسەر رێكخستنەوە و خێرا رایی كردنی مامەڵەی خانەنشینان كرا.

لەناوەڕۆكی كۆبوونەوەكەدا، گفتوگۆ لەسەر ڕێكخستنەوەی دامەزراوەی بەڕێوەبردنی خانەنشینی گشتی لە هەرێمی كوردستان كرا لە بەر ڕۆشنایی یاسای خانەنشینی گشتی یەكگرتووی ژمارە نۆی ساڵی 2014 و بڕیاری دادگای فیدراڵی.

ئەنجوومەنی وەزیران وێڕای دووپاتكردنەوە لە بایەخدانی تایبەت بە خانەنشینان و ڕەچاوكردنی تایبەتمەندییان كە تەمەنی خۆیان لە خزمەتی گشتی بەسەربردووە و شایانی خزمەتكردنن، ئەنجوومەنی وەزیران، وەزارەتەكانی (دارایی و ئابووری، كاروباری پێشمەرگە و ناوخۆ )ی ڕاسپارد ، بەزووترین كات لیژنەی تایبەتمەندی هاوبەش پێكبهێنن بۆ دانانی ڕێكار و میكانیزمیی گونجاو بۆ ئاسانكاریی لە زوو بەجێگەیاندنی ڕێكارەكانی خانەنشینی و خەرجكردنی مووچە و شایستەكانی خانەنشینانی هەرێمی كوردستان لە كەرتەكانی مەدەنی و سەربازیی و هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ، بەجۆرێك كە ڕاییكردنی مامەڵەكانی خانەنشینی و خەرجكردنی شایستەكانیان دوا نەكەوێت.

هەر لەوبارەیەوە سەرچاوەیەك لە خانەنشینی هەرێمی كوردستان، بە "وشە"ی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێكە رایكردنی مامەڵەی خانەنشینا خێراتر بووە، بەو هەنگاوەی ئەنجوومەنی وەزیرانیش خێراتر دەكرێت. 

هەروەها گوتی، پێویستە هەوڵەكان چڕبكرێنەوە بۆ ئەوەی مامەڵەی خانەنشیان تەواو بكرێت چونكە بەشێكی زۆری ئەوانەی خانەنشین بوون هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە. 



وشە - سه‌رخێڵ هاشم