كارەبای 24 سەعاتی گەیەنرایە 14 گەڕەكی تر

:: PM:09:08:30/04/2025 ‌
14 گەڕەكی تر لە كوردستان كارەبایان بووە 24 سەعاتی، بەمەیش ئێستە لە پڕۆژەكەدا 600 هەزار هاووڵاتی لە كوردستان كارەبای 24 سەعاتییان هەیە، 750 موەلیدە وەستێنراون، لە راگەیەنراوێكیشدا وەزارەتی كارەبا رای دەگەیەنێت كە بەمزووانە پڕۆژەكە دەگاتە پارێزگای هەڵبجەش. 

ئەمڕۆ چوارشەم 30ی نیسانی 2025، لە راگەیەنراوێكی وەزارەتی كارەبای حكوومەتی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، لە درێژەی هەوڵەکانی حکوومەتی هەرێمی کوردستان بۆ دابینکردنی کارەبای 24 سەعاتی لە ڕێگەی پڕۆژەی ڕووناکی، وەزارەتی کارەبا هەڵدەستێت بە دابینکردنی کارەبای نیشتیمانیی 24 سەعاتی بۆ 12 گەڕەکی تری شاری هەولێر و دوو گەڕەکی ترى شاری سلێمانی. 

ناوی ئەو گەڕەكە نوێیانەی كە كارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابین دەكرێت لە هەولێر بریتین لە  (شۆڕش، کانی، نووسەران، کوێستان، کۆماری، ڕووناکی، پزیشکان، مەنتکاوە، ئازار، زانکۆ، حەمرین و شارەوانی) و گەڕەکەکانی سلێمانیش بریتین لە (هەواری تازە و بەشێکی تووی مەلیک).

لە راگەیەنراوەكەدا ئاماژە دراوە، ئەمە دوای ئەوە دێت کۆمەڵێک گەڕەکی تری هەولێر، سلێمانی و دهۆک سوومەند بوون لە پڕۆژەی ڕووناکی و کارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابین کرا، بەمزووانەش پڕۆژەكە دەگاتە پارێزگای هەڵەبجە.

لەبارەی پڕۆژەكەوە راگەیەنراوەكە روونی كردووەتەوە، پڕۆژەی ڕووناکی بەردەوامە لە فراوانبوون، تا ئێستە لە سەرانسەری هەرێمی کوردستان نزیکەی 600 هەزار هاووڵاتی کارەبای 24 سەعاتییان بۆ دابین کراوە، نزیکەی 750 موەلیدەی تایبەت وەستێنراون لە 43 گەڕەکی جیاواز، کە یەکسانە بە 126 هەزار ئۆتۆمبێل لە ڕووی دەردانی گازی ژەهراوییەوە.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەی وەزارەتی كارەبادا هاتووە، بۆ زانیاریی زیاتر هاووڵاتییان دەتوانن پێوەندی بکەن بە سەنتەری خزمەتگوزاریی پڕۆژەی ڕووناکی لە ڕێگای ژمارە 1992 لە کاتی هەبوونی هەر پرسیارێک. سەنتەرەکە سەعات نۆی بەیانی تا نۆی شەو بەردەستە.


وشە - پۆڵا مەحموود