وادەی گەشتی یەكەم وەجبەی حاجیان هاتە راگەیاندن

:: PM:10:58:30/04/2025 ‌
لەوكاتەی وادەی دەست پێكردنی رێوڕەسمەكانی فەریزەی حەجی ئەمساڵ نزیك بووەتەوە و حاجیان بە پەرۆشەوە چاوەڕوانی گەشتەكەیان بۆ سعوودیە دەكەن، سەرۆكی شاندی حاجییانی كوردستان وادەی یەكەم وەجبەی گەشتی حاجیان بەرەو سعوودیە رادەگەیەنێت.

لەوكاتەی بڕیارە 5136 هاووڵاتیی هەرێمی كوردستان فەریزەی حەجی ئەمساڵ بەجێ بگەیەنن، شێخ نیاز راغب نەقشبەندی سەرۆكی شاندی حاجیانی كوردستان لە لێدوانێكی تایبەت بە پەیجی حەج و عومرەی كوردستان رای گەیاند، هەموو ئامادەكارییەكمان بۆ پێشوازیكردن لە وەرزی حەجی ئەمساڵ كردووە و هەوڵ دەدەین باشترین خزمەت پێشكەش بە حاجیانی كوردستان بكەین.

روونی كردەوە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەردەوام پاڵپشتیی پرۆسەی حەج و عومرەیە و بۆ ئەمساڵیش مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، د. پشتیوان سادق وەزیری ئەوقاف و كاروباری ئاینی راسپارد كە بڕی چوار ملیار و دووسەت ملیۆن دینار پاڵپشتیی پرۆسەی حەج بكرێت، تا تێچووی حەج لەسەر هاووڵاتییان كەم بكرێتەوە. 
 

سەرۆكی شاندی حاجیانی كوردستان رای گەیاند لە رۆژی 16ی ئایاری 2025 یەكەم كاروانی حاجیانی كوردستان بەرەو سعوودیە بەرێ دەكەوێت، باسی لەوە كرد كە لە رۆژانی 16 و 17ی ئایاری 2025، حاجیانی كوردستان بە رێگەی وشكانی بەڕێ دەكەون، كە ژمارەیان 1645 حاجیە و رۆژی 19ی ئایاری 2025 یەكەم كاروانی حاجیانی كوردستان بە رێگەی ئاسمانی لە هەردوو فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانییەوە بەرەو سعوودیە بەڕێ دەكەون كە ژمارەیان 3491 حاجیە.

نەقشبەندی ئاماژەی كرد كە حاجیانی وشكانی بە دوو رۆژ گەشت دەكەن بە جۆرێك حاجیانی پارێزگاكانی سلێمانی و هەڵەبجە و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەرین و گەرمیان لە رۆژی 16ی ئایاری 2025 گەشت دەكەن و حاجیانی پارێزگاكانی هەولێر و دهۆك و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی سۆران و زاخۆ، لە رۆژی 17ی ئایاری 2025 بەرەو عەرەبستانی سعوودیە بەڕێ دەكەون.

سەرۆكی شاندی حاجیانی كوردستان دووپاتی كردەوە، حاجیانی ئاسمانی لە رۆژی 19ی ئایاری 2025 گەشتەكانیان دەست پێ دەكات و تا رۆژی 28ی ئایاری 2025 گەشتەكانیان بەردەوام دەبێت.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل