پەیامێك لە مەسروور بارزانییەوە

:: AM:09:10:01/05/2025 ‌
مەسروور بارزانی بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكاران، پەیامێكی بڵاو كردەوە رای گەیاند، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، هەوڵی زۆری داوە و كاری كردووە لە پێناو باشتركردنی دۆخی ژیانی كرێكاران و پاراستنی مافەكانیان.

ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئایار، لە پەیامێكی مەسروور بارزانی سەرۆك وەزیرانی كوردستاندا هاتووە، بە بۆنەی ڕۆژی جیهانیی كرێكاران، گەرمترین پیرۆزبایی لە گشت كرێكارانی كوردستان و عێراق و جیهان دەكەم.

سەرۆكی حكوومەت دەڵێت، ڕێز و پێزانینێكی زۆرم بۆ ماندووبوون و ئەرك و بەشداریی كارای  كرێكارانی كوردستان لە پرۆسەی ئاوەدانكردنەوە و گەشەپێدان و بنیاتنانی ژێرخانی ئابووریی هەرێمی كوردستاندا هەیە. 

باسی لەوەش كردووە، حكوومەتی هەرێمی كوردستان لە ساڵانی ڕابردوودا، هەوڵی زۆری داوە و كاری كردووە لە پێناو باشتركردنی دۆخی ژیانی كرێكاران و پاراستنی مافەكانیان، لەم ڕووەشەوە پابەندبوونی خۆمان بە داكۆكیكردن و دابینكردنی مافەكانی كرێكاران لە ڕووی تەندروستی و سەلامەتیی پیشەیی و مافە یاساییەكان و باشتركردنی هەلومەرجەكانی كاركردنیان، دووپات دەكەینەوە. 

لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، ڕۆژی جیهانیی كرێكاران پیرۆز بێت و هیوادارم هەمیشە مافەكانیان پارێزراو بێت و تەندروست بن.  



وشە - رامیار جەواد