نێچیرڤان بارزانی پیرۆزبایی لە كرێكاران دەكات

:: AM:09:56:01/05/2025 ‌
نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستان، پەیامێك ئاراستەی كرێكاران دەكات و رای دەگەیەنێت، دووپات لەسەر پشتگیریی تەواوی مافەكانی كرێكاران و داوا ڕەواكانیان لە هەرێمی كوردستان دەكەینەوە.

ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئایار، لە پەیامێكی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستاندا هاتووە، بە بۆنەی یەكی ئایار جەژنی جیهانیی كرێكارانەوە، گەرمترین پیرۆزبایی پێشكەش بە هەموو كرێكارانی كوردستان، عێراق و جیهان و ڕێكخراوەكانیان دەكەم. ڕەنج و كۆشش و ماندووبوونیان لە بنیاتنان و ئاوەدانكردنەوە و بەشداریی كارا و بنەڕەتییان لە پێشخستن و گەشەسەندنی وڵاتدا بەرز دەنرخێنم.

دەشڵێت، دووپات لەسەر پشتگیریی تەواوی مافەكانی كرێكاران و داوا ڕەواكانیان لە هەرێمی كوردستان دەكەینەوە، هەروەها پێداگریی لەسەر پێویستیی دابینكردنی ژینگەیەكی كاری ئارام و بەدیهێنانی دادپەروەری لە هەلەكانی كار و ڕێكخستنی پێوەندیی نێوان كرێكاران و خاوەنكاران دەكەین، لەسەر بنەمایەك كە شكۆی كرێكار بپارێزێت و دڵنیایی گوزەران و ژیانیان مسۆگەر بكات.

لە پەیامەكەیدا دەڵێت، هەر بەم بۆنەیەوە، بە ڕێزەوە هەموو ئەو كرێكارانە بەبیر دەهێنینەوە كە لە كاتی كاردا گیانیان لە دەست داوە و سڵاو لە خێزان و كەسوكاریان دەكەین. دووپات دەكەینەوە كە لایەنە پێوەندیدارەكان دەبێ چاودێریی خێزانەكانیان بكەن و هەموو پشتیوانی و هاوكارییەكی پێویستیان بۆ فەراهەم بكرێت.

لە كۆتایی پەیامەكەیدا هاتووە، هیوای پشوویەكی ئارام و ئاسوودە بۆ هەموو كرێكاران و سەركەوتن لە هەوڵ و خەباتیان بۆ دەستەبەركردنی مافەكانیان دەخوازم.





وشە - رامیار جەواد