ئەمڕۆ لە هەرێمی كوردستان نرخی هێلكە بۆ هەر كارتۆنێك لە نێوان 10 بۆ 20 هەزار دینار بەرز بووەوە، كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكانیش هۆكارەكەی بۆ ناردنی بۆ شارەكانی عێراق دەگەڕێننەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئایار، زانا شێخ سەعید ئەندامی كۆمەڵەی كێڵگە پەلەوەرییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، هێلكە گران بووە، هۆكاری گرانبوونەكەشی ناردنیەتی بۆ شارەكانی عێراق.
دەشڵێت، ئەمڕۆ نرخی یەك كارتۆن هێلكە لە نێوان 40 بۆ 60 هەزار دینارە، نرخی یەك تەبەقیشی بە پێنج هەزار و 500 دینار بۆ شەش هەزار و 500 دینار بەرز بووەتەوە، لە هەندێك دوكان پێنج هێلكە بە هەزار دینار دەفرۆشرێت.
باسی لەوەش كرد، ئەو گرانبوونە هیچ كاریگەریی لەسەر هاووڵاتییان نییە، بەڵام كاریگەریی لەسەر خاوەن كێڵگەكان هەیە و وایكردووە زیاتر پەرە بەخۆیان بدەن و قازانج بكەن.
دەشڵێت، یەكێك لە هۆكارەكانی بەرزبوونەوەی نرخی هێلكە، هەناردەكردنیەتی بۆ ناوەڕاست و خوارووی عێراق و هیچ هۆكارێكی تر نییە.
بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، هەرێمی كوردستان ساڵانە 919 ملیۆن و 800 هەزار هێلكە هەناردەی دەرەوە دەكات. ئەمە جگە لەوەی كە گرنگییەكی زۆر بە هاوئاهەنگیكردن لەگەڵ بازاڕی دەرەكی دەدرێت، بۆ دۆزینەوەی بازاڕ و ساغكردنەوەی بەرهەمی هێلكەی پڕۆژە و كێڵگەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە.
لەگەڵ دەستبەكاربوونی كابینەی نۆی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، پڕۆژەكانی بەرهەمهێنانی هێلكە بۆ 33 پڕۆژە بەرز بوونەتەوە، بەراورد بە پێشتر 200% زیادی كردووە، هەروەها توانای بەرهەمهێنانی ساڵانەیان دوو ملیار و 918 ملیۆن و 577 هەزار هێلكەیە كە بەڕێژەی 100% بەرز بووەتەوە بەراورد بە پێشتر.