نەوەی نوێ لە رێگەی پەرلەمانتارێكی، باسی هەڵوەشاندنەوەی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان دەكات، بەڵام ئەو یاسایە ئێستە هەموار كراوەتەوە و كاری پێ ناكرێت، بەڵكو یاسای نوێی هەیە.
محەمەد سلێمان سەرۆكی دانیشتنی یەكەمی پەرلەمان، لە كۆنفرانسی رۆژنامەنووسیی فراكسیۆنی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوەش كرد، خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان بە هەڵوەشاوەیی حیسابە.
ئەمڕۆ پێنجشەم یەكی ئایار، سەردار شێروانی شارەزای یاسا، بە "وشە"ـی راگەیاند، ئەوەی نەوەی نوێ پشتی بەستووە، مادەی 10ـی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستانە بۆ خولی یاسای سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان- عێراق ساڵی 2005.
زیاتر گوتی، ئەو بانگەشەیەی نەوەی نوێ بەپێی یاسای ژمارە (2)ی ساڵی 2009، یاسای هەمواركردنی چوارەمی یاسای هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی نیشتمانی كوردستان ـ عێراق ژمارە (1)ی ساڵی 1992ی هەمواركراو بەتاڵە، چونكە دوای هەمواركردنەوەی ئەو بڕگەیە نەماوە.
باسی لەوەش كرد، ئێستە دانیشتنەكە بە كراوەیی ماوە، بۆیە لە یاساكەی ساڵی 2005 یش نەیگوتووە هێشتنەوەی بە كراوەیی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی بۆ دەربكرێت، بەڵكو دەڵێت تا 45 رۆژ ئەگەر كۆبوونەوە نەكرا، دەبێت سەرۆكی هەرێمی كوردستان فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی بۆ دەربكات، بەڵام كۆبوونەوە كراوە و 97 پەرلەمانتار سوێندی یاساییان خواردووە.