لە دەستپێكی وەرزی هاوینداین و ئاژەڵداران خەمی زستانیانە، چونكە هەر لە ئێستەوە كا و جۆ بەشێوەیەكی بەرچاو نرخیان بەرز بووەتەوە. وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، ئەمساڵ بەراورد بە پار، كا و جۆ 50% كەمتر دەبێت.
بەهۆی بێ بارانیی ئەمساڵ زۆرینەی گەنم و جۆ لە كوردستان فەوتان، ئەمەش بووە هۆی زیانگەیاندن بەجووتیاران و ئاژەڵداران.
ئاژەڵدارانی كوردستان لە وەرزی دروێنەوە دەست دەكەن بۆ كڕین و كۆكردنەوەی كا و جۆ، بەڵام ئەمساڵ نرخی كا و جۆ بەهۆی بێ بارانییەوە بەشێوەیەكی بەرچاو بەرز بووەتەوە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ دەڵێت، ئەمساڵ بەراورد بە پار، كا و جۆ 50% كەمتر دەبێت، ئەمەش وا دەكات نرخیان زۆر زیاد بكات.
فیراس سدیق بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی كشتوكاڵ، بە "وشە"ی راگەیاند، بەهۆی بێ بارانییەوە و فەوتانی زۆر لە دەغڵودانی جووتیاران پێشبنیی دەكەن، كا و جۆ 50% كەم ببێتەوە، ئەمەش دەبێتە هۆی گرانیی نرخەكەی.
نرخی كا هەر لە ئێستەوە فەردەی بووەتە شەش هەزار و كای باشیش نرخی دەكاتە حەوت هەزار و 500 دینار، ئەمەش بەبەراورد بەساڵی رابردوو كە نرخەكەی سێ هێندە بەرز بووەتەوە.
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ گوتی، ئەمساڵ بە گشتیی ڕێژەی بارانبارین كەمتر بوو، ئەمەش ڕاستەوخۆ كاریگەریی لەسەر چەندان بوار دروست دەكات و دەبێتە هۆی گرانبوونی ئالیك.
فیراس سدیق گوتیشی: كەمیی باران و نەبوونی لەوەڕگا بۆ ئاژەڵان، كاریگەریی لەسەر كەمیی بەرهەمە سپییەكان دروست ناكات، چونكە ناچار دەبن زیاتر پشت بە ئالیك ببەسترێ، بەڵام دەبێتە هۆی گرانبوونی ئالیك و كا.
باس لەوە دەكات، دوای دروێنەكردن كا بەرهەم دێت، بەڵام ئەمساڵ پێشبێنی دەكرێت كەمتر بێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ دەبێتە هۆی گرانبوونی و ئەمە جگە لە گرانبوونی جۆ.
لە هەرێمی كوردستاندا چوار ملیۆن و 500 هەزار ئاژەڵی بچووك و 250 هەزار ئاژەڵی گەورە هەن كە سەرچاوەی داهاتی چەندان خێزانن، بەشێكی گرنگی ئابووری كوردستانن، بەڵام بەهۆی وشكەساڵییەوە ئەمساڵ ساڵێكی سەخت دەبێت بۆ ئاژەڵداران.