ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر، لە چوارچێوەی سەردانەكەی بۆ ئێران و بەمەبەستی بەهێزكردنی جووڵە و ڕەوشی بازرگانی، بەئامادەبوونی نوێنەری وەزارتی ناوخۆی ئێران، لەگەڵ د. یوسف ئەسلە سەرۆكی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی زنجان و ئەندامانی ژوورەكە كۆبووەوە.
لە كۆبوونەوەكەدا پارێزگاری هەولێر، تیشكی خستەسەر چۆنیەتیی بەهێزكردنی جووڵەی بازرگانی و بەرەوپێشبردنی ڕەوشی ئابووری و پیشەسازی و وەبەرهێنان لە نێوان هەولێر و زنجاندا.
دووپاتی لەسەر هاوئاهەنگیی نێوان ژووری بازرگانی و پیشەسازیی هەولێر و زنجان كردەوە، ئومێدی خواست لە ئایندەیەكی نزیكدا سەردانی شاری هەولێر بكەن و دیدار و كۆبوونەوەكانیان دەست پێ بكەن، بۆ ئەو مەبەستەش وەك پارێزگای هەولێر، ئامادەیی هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەكی پێشان دا.