نەوەی نوێ و فراكسیۆنەكەی شاسوار عەبدولواحید وەك هەمیشە دەستیكردووەتەوە بە چەواشەكاری و دەیەوێت موزایەدە بەسەر خەڵكەوە بكات، بەبێ ئەوەی هیچ لە یاسا و پەیڕەوە پەرلەمانی كوردستان بزانن، باس لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان دەكەن، بێ ئاگان لەوەی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی پێویستی بە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان هەیە.
جارێكی تر بۆ ئەوەی بانگەشەی پێشوەختی هەڵبژاردن دەستپێبكەنەوە دەیانەوێت لەو رێگایەوە خەڵك بە لاڕێدا ببەن، شارەزایانی یاساش دەڵێن، ئەوەی نەوەی نوێ و پەرلەمانتارەكەیان دەیكەن هیچ بنەمایەكی نییە و هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان وەك ئەوان باسی دەكەن بەپێی یاسا رێكاری خۆی هەیە و فراكسیۆنێك ئەو كارەی پێناكرێت و پەرلەمانیش دانیشتنی خۆی بۆ دەستبەكاربوون ئەنجامداوە.
خەدیجە عومەر، شارەزای یاسا و ئەندامی پێشووی لیژنەی یاسا لە پەرلەمانی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، حاڵەتەكانی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بە پێی یاسا بەركارەكان دیارە و بە روونی باس كراوە، بە بڕیارێك یا وتەیەك ناكرێت.
روونی كردەوە، ئەوەی نەوەی نوێ باسی دەكات یان پەرلەمانتارێكیان چەواشەكردن و مزایدەیە هەر لە ئێستاوە بۆ هەڵبژاردنی عێراق بانگەشە دەكەن ئەگەر بە راستی دەیانەوێ هەلوێستێكیان هەبێت هەر 15 ئەندامیان با داوای دەستلەكاركێشانەوە بكەن لە سەرۆكی پەرلەمان كە هی خۆیانە بە كاتی.
گوتی، بە پێی یاسای هەڵبژاردن و پێڕەوی ناوخۆ ئەگەر زیاتر لە نێوەی ئەندامان دەست لەكاربكشێنەوە پەرلەمان هەڵدەوەشێتەوە، یان سێ جار لە سەر یەك كابینەی حكوومەت متمانە لە پەرلەمان وەرنەگرێت، یان دوای بانگهێشتی سەرۆكی هەرێم 45 رۆژ تێپەرێت و پەرلەمان كۆنەبێتەوە كە ئەم حاڵەتەش تێپەریوە و پەرلەمان یەكەم دانیشتنی كردووە و تا ئێستە كراوەیە.
نەزیرە جاف، پارێزەری راوێژكار بە "وشە"ی راگەیاند، بەپێی یاسا بە تەنیا فراكسیۆنێك یان پەرلەمانتارێك ناتوانن پەرلەمان هەڵبوەشێننەوە و پێویستە دوو لەسەر سێی ئەندامانی پەرلەمان دەنگ لەسەر هەڵوەشاندنەوە یان كاركردنی پەرلەمان بدەن چونكە پەرلەمانی كوردستان بەدەنگی خەڵكی كوردستان شەرعیەتی پەرلەمانی كوردستانیان بەدەست هێناوە و پێویستە بە یاسا كار بكرێت بۆ هەر بابەتێكی هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان.
باسی لەوەشكرد، پەرلەمانی كوردستان دەسەڵاتی تەشریعیە و ناكرێت بێ یاسایی تیا بكرێت لە كاتێك دەسەڵاتی یاسا دانانن بۆ هەرێمی كوردستان، هیچ لایەنێكیش ناتوانێ باس لە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان بكات ئەگەر رێكارەكانی خۆی نەبڕێت.
كاوە ئەحمەد مامۆستای زانكۆ بە "وشە"ی راگەیاند، نەوەی نوێ حزبێكە بە موزایەدە و چەواشەكاری دەستیپێكردووە، ساڵانێكە بەبێ ئەوەی هیچی بۆ خەڵك و دەنگدەری خۆی كردبێت خەریكی خۆڵ كردنەچاوی خەڵكە، ئەوان لەسەر موزایەدە دەژین، بەڵام خەڵك وردە وردە لێیان بە ئاگا دێتەوە و دەزانن ئەوانە تەنها قسە دەكەن و لەسەر بنەمای واقیع شتێك نین، پەرلەمان دانیشتنی خۆی كردووە، كۆبوونەوە بە كراوەیی ماوەتەوە، چۆن دەتوانن باسی ئەوە بكەن، دەیانەوێت لەم كاتەدا خۆیان نیشانی خەڵك بدەن وەك هەمیشە چەواشەكاریی بكەن.