سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش دەڵێت، حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە تایبەت كابینەی نۆیەم خزمەتێكی باشی كردووین و لەبەرانبەریشدا لەلایەن حكوومەتی عێراقەوە پشتگوێ خراوین، هەر بۆیە ئێزیدییەكان حكوومەتی هەرێمی كوردستان بە خاوەنی خۆیان دەزانن.
ئەمڕۆ هەینی دووی ئایار، سەعید جەردۆ سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش بە "وشە"ی راگەیاند، حکوومەتی ھەرێمی کوردستان وبەتایبەت کابینەی نۆ و خودی سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان گرنگی زۆری بەھەموو پێکھاتەکان داوە وھەنگاوی باشی ناوە بۆ ئەوەی ھەرێمی کوردستان پێشبخرێت و بۆ ئێمەش ئەوەی لەتوانایدا بێت خزمەتی کردووە.
جەردۆ زیاتر گوتی، حكوومەتی هەرێم چەندین پڕۆژەی بۆ خزمەتی کوردانی ئێزدی جێ بەجێ کردووە ، لەوانە پێدانی مینحەی رزگاربووانی دەستی داعش کە سێ هەزار و 372 رزگاربوو لێی سودمەندن و چەندین پۆست بە کوردانی ئێزدی دراوە و لە ناوچەکانی کوردی ئێزدی ژمارەیەکی زۆری پڕۆژە ئەنجامدراون.
سەرۆكی دەستەی باڵای بنكەی لالش ئەوەیشی گوت بێگومان ئێمە لە حكوومەتی هەرێم چاوەرێی خزمەتی زیاتریش دەکەین تا لە کابینەی 10ـیەمی حکوومەت بۆمان ئەنجام بدرێت، چونکە سەرۆکی حکوومەتی ھرەێمی کوردستان گرنگی بەھەموو پێکھاتەکان دەدات، لەوانەش پێکھاتەی کوردانی ئێزدی.
زیاتر گوتیشی، ئومێدێکی زۆرمان بە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان ھەیە تا بە ئاوات و ئومێدەكانی خۆمان بگەین، چونکە عێراق پێکھاتەی ئێزدی پشتگوێ خستووە پێویست بوو یەکەم رۆژی جینۆسایدی کوردانی ئێزدی بەئەرکی خۆی ھەڵسن و دەنگی ئێمەیان گەیاندبووایە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و دادگای تاوانی نێودەوڵەتی، بەڵام بەداخەوە ھیچ ھەنگاوێکی نەناوە وبگرە ھیچ خزمەتێکیشی نەکردووە وناوچەکانی ئێمەشی پشتگوێ خستووە ، هەر بۆیە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەجیاتی عێراقیش خزمەتی پێکھاتەی کوردی ئێزدی کردووە، بۆیە ئێزدیەکان حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەخاوەنی خۆیان دەزانن نەک عێراق .
وشە/ بڵند ئیبراهیم