كورد خەریكە لە پرۆسەی ئاشتیی ئەمجارەی توركیا نائومێد دەبێت

:: AM:09:01:03/05/2025 ‌
دوای پێنج مانگ لە دەستپێكی گەڕێكی تری گفتوگۆكانی ئاشتی، جارێكی تر كورد خەریكە نائومێد دەبێت لە سەرگرتنی پرۆسەكە و بەدەستهێنانی مافەكانی، هاوسەرۆكی دەمپارتیش دەڵێت: لە پرۆسەی چارەسەری ئەم چەند مانگەدا هیچ هەنگاوێك نەنراوە و لە قۆناغێكی زۆر سەرەتاداین.

 شاندی ئیمراڵی رۆژانی 28ـی كانوونی یەكەمی 2024 و 22ـی كانوونی دووەمی 2025 و 25ـی شوباتی 2025، لەگەڵ عەبدوڵا ئۆجەلان كۆبوونەوە، دواتر پەیامی 27ـی شوباتی ئۆجەلان بڵاو كرایەوە. رۆژی 21ـی نیسان بۆ جاری چوارەم شاندی ئیمراڵیی دەم پارتی چوونەوە دیداری ئۆجەلان.
 
رۆژی یەكی ئاداری 2025 پەكەكە لەسەر بانگێشتی ئۆجەلان ئاگربەستی راگەیاند. بەڵام لەو چەند مانگەدا كە هیوایەكی زۆر بەوەستانی شەڕ و چارەسەری پرسی كورد هاتبووە ئارا، ئێستە نائومێدی باڵی بەسەر شەقامی كوردی لە باكوری كوردستان كێَشاوە، ئەمەش دوای ئەوەی كات تێدەپەڕێت و هیچ هەنگاوێكی كرداری نەهاوێژراوە.

لەبارەی پرۆسەی چارەسەری تونجەر باكرهان رای گەیاند، "هێشتا دانوستاندن نەكراوە، لە قۆناغێكی زۆر سەرەتاداین، هیچ شتێك گفتوگۆی لەبارەوە نەكراوە. هێشتا تەنیا باس لە كۆتاهێنان بە توندوتیژی و چەكدانان كراوە، هیچ هەنگاوێكی كرداری دەستی پێ نەكردووە و ماوەیەكە خەڵك لە چاوەڕوانیدا ماونەتەوە.
 
هاوسەرۆكی دەم پارتی ئاماژەی بەوەش كرد، "خەڵك مافی خۆیەتی پرسیار بكات، ئایا چی كراوە و چ هەنگاوێك نراوە، تەنانەت نائومێدیش بن، هیوادارم كاتێك دانوستاندن دەست پێ دەكات، هەموو بابەتێك قسەوباسی لەبارەوە بكرێت".

 ئەگەرچی بەرپرسانی توركیا بەردەوام باس لە پرۆسەی ئاشتی دەكەن و قسەكانیان لەگەڵ رابردوو زۆر گۆڕاوە، بەتایبەت باخچەلی نەتەوەپەرستی توركیا، ئێستە بەشێوەیەكی برایانە باس لە كێشەی كورد دەكات، بەڵام خەڵك هێشتا هیچ متمانەیەكیان بە پرۆسەكە نییە، رۆژنامەی یەنی شەفەقی توركی دەڵێت: كات زۆر تێپەڕی و هیچ نابینرێت.
 



وشە - سۆران عەزیز