ژمارەی ئەو ئامێرانەی كار لە دروستكردنی رێگەی های وەی هەولێر-كۆیە دەكەن، بەرز كرایەوە بۆ 300 دەقلق، عادیلە، لۆری، شۆفڵ و حەفارە، لە كاتێكدا پێشتر 100 ئامێر كاریان تێدا دەكرد. ئەندازیارێكی سەرپەرشتیار دەڵێ، كارەكان خێراترن لەوەی پلانمان بۆ دانابوو.
ئەمڕۆ شەموو سێی ئایار، یەكێك لە ئەندازیارانی پڕۆژەی های وەی هەولێر-كۆیە، بە"وشە"ـی راگەیاند، "كاركردن لە پڕۆژەكەدا خێراتر كراوە لەو پلانەی بۆی دانرابوو" بەو هۆیەشەوە وەك ئەندازیارەكە ئاماژەی بۆ دەكات "ئێستە قۆناغی بڕین و رێكخستن و پڕكردنەوە لە زۆربەی رێگەكەدا تەواو كراوە".
ئەو ئەندازیارە كە لەسەر داوای خۆی ناوی بڵاو ناكرێتەوە، ڕوونی كردەوە كە هەڵكەوتەی جیۆگرافی ڕێگەكە بە جۆرێكە هەندێك بڕگەی 20 مەتر پڕكردنەوەی پێویستە، لە كاتێكدا لە بڕگەیەكی تریدا شوێن هەیە 20 مەتر بڕینی پێویستە، ئەوە و ڕژدی حكوومەت بۆ خزمەتكردنی خەڵكی ناوچەی كۆیە و هەولێر و سەلامەتییان لە هاتوچۆدا، وایكردووە ژمارەی ئامێرەكان زیاد بكرێت و كارەكانیش خێراتر بكرێن.
"ئێستە 300 ئامێر كار لە ڕێگەكەدا دەكەن، لەمەودوا كەشوهەوای كاركردن لەبارتر دەبێت، بۆیە باشتر دەتوانین بەرەوپێش بچین، تا ئێستەیش هیچ ئاستەنگێك دروست نەبووە و هەموو تیمەكان بە توانا و هێزەوە كار لەسەر زەویی پرۆژەكە دەكەن" ئەندازیارەكە وای گوت.
رێگەی های وەی هەولێر-كۆیە، 32 مەتر پان دەبێت و هەر سایدەی سێ هێڵی ڕۆیشتنی هەیە و خێراییەكانی بە 110، 100 و 80 بۆ باهەڵگر دیاری دەكرێت و ژمارەك پرد و یەكتربڕی لەسەر دروست دەكرێ.
بەپێی خەمڵاندنی ئەندازەیی، بە تەواوبوونی ئەو رێگەیە، هاتوچۆی خەڵك بە نزیكەی 20 بۆ 25 خولەك كەم دەكاتەوە و كاتیان بۆ دەگەڕێتەوە، لە كاتتی هاتنەناو هەولێر ڕاستەوخۆ شەقامی 150 مەتری لە بەردەمیدایە كە ئاسانكاریی دەكات بۆ ئەو ڕێبوارانەی دەچنە ناوچە گەشتیارییەكان یان دەرەوەی هەولێر، بەوەیش جەنجاڵی لەناو شار دروست نابێ.
لە 10ـی ئۆكتۆبەری ساڵی رابردوودا مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، خۆی بەردی بناغەی جووتسایدی هەولێر- كۆیەی دانا و دووپاتی لە بایەخی پرۆژەكە بۆ سەلامەتی ژیانی خەڵك و خێراكردنی گواستەوە كرد، هاوكات چاودێری بەڕێوەچوونی كارەكانیش دەكات.
رێگەكە بەپێی ئەو نەخشەیەی بۆی دانراوە، 66 كیلۆمەترە و یەكێكە لە پرۆژە ستراتیجییەكانی كابینەی نۆ كە گرێكوێرەی 30 ساڵ دەكاتەوە، بە تەواوبوونی ماوەی هاتوچۆ بۆ نیوەی ئێستە كەم دەكاتەوە و لە كەسنەزان تا دەروازەی كۆیە 52 كیلۆمەتر دەبێت كە بە خێرایی 110 كم لە سەعاتێكدا، بە 25 خولەك دەیبڕی.
بەپێی زانیارییەكانی "وشە" پڕۆژەكە بە پێنج قۆناغ جێبەجێ دەكرێت، قۆناغی یەك و دوو و سێ، تا دەروازەی كۆیە دەبێت، دوو قۆناغەكەی تریش تا سەر جووتسایدی هیزۆپ-خەلەكان درێژ دەكرێتەوە كە دەكەوێتە پشت چیای هەیبەسوڵتان.
بەپێی ئەو نەخشەیەی دانراوە، تێچووی پرۆژەكە 435 ملیار دینارە.