لە چەند ڕۆژی داهاتوودا، گەورەترین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست-هەولێر لە شاری هەولێر دەكرێتەوە، وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزاریش لە نزیكەوە ئامادەكارییەكانی پێشانگەكە بەسەر دەكاتەوە، بەدواداچوون بۆ چۆنیەتیی بەڕێوەچوونی پێشانگەكە و كارەكانی دەكات.
بڕیارە ڕۆژی سێشەم شەش تا هەشتی ئایار لە هەولێردا، گەورەترین پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست- هەولێر (میتێكس-2025METEX ) لە پێشانگەی نێودەوڵەتیی هەولێر لە پاركی سامی عەبدولڕەحمان، دەست پێ دەكات و ماوەی سێ ڕۆژ بەردەوام دەبێت.
پێشانگەی گەشتیاریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ سێیەمین جار لە هەولێری پایتەخت دەكرێتەوە و بە گەورەترین پێشانگەی گەشتیاری لەسەر ئاستی عێراق و ناوچەكە دادەنرێت.
ساسان عەونی وەزیری شارەوانی و گەشتوگوزار بۆ لە نزیكەوە ئاگاداربوون لە ئامادەسازییەكان، كارە ئامادەكارییەكانی پێشانگەكەی بەسەر كردەوە، ئامادەیی هەر جۆرە هاوكاری و پاڵپشتییەكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری بۆ بەڕێوەچوونی كارەكانی پێشانگەكە بە باشترین شێوە دووپات كردەوە.
جێگەی باسە هاوشانی پڕۆژە و كۆمپانیا گەشتیارییە گەورەكان، هەردوو بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر و سلێمانی و سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، جوانترین و نوێترین دیزاینی پێگەكانیان كردووە و لەم پێشانگەیە بەشدارن.