سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكانی هەولێر رای دەگەیەنێت، نرخی ئەمپێرێك موەلیدە لە نێوان 12 بۆ 17 هەزار دینار دەبێت و بەپێی سەعاتی پێدانی كارەبا دەگۆڕێت.
ئەمڕۆ شەموو سێی ئایار، خۆران خۆرانی سەرۆكی ئەنجوومەنی موەلیدە ئەهلییەكان، بە "وشە"ـی راگەیاند، بۆ مانگی رابردوو تێكڕا كاركردنی سەعاتی موەلیدەكان رۆژانە بۆ مانگی 10 سەعات بووە، ماوەی كاركردنی موەلیدەكان 33 رۆژە. لیژنەی تایبەت بە هێنانی گازوایل بۆ یەك لیتر گازوایل بڕی ( 542 ) دیناری هێناوە لە بۆرسەی فرۆشتنی گازوایل .
دەشڵێت، بۆ یەك سەعات كاركردنی موەلیدە 44 دینار دەرچووە، لە داتای لیژنەی موەلیدەكان تایبەت بە دیاریكردنی نرخی موەلیدە ئەهلییەكان، بەڵام وەك ئەنجوومەنی موەلیدەكان لەبەر بەرژەوەندیی گشتی و هاووڵاتییان، نرخی گاز بۆ یەك لیتر 525 دینار هەژمار كرد، واتا بۆ یەك سەعات كاركردنی موەلیدە 43 دینارمان هەژمار كرد، نرخی موەلیدەكانی ناو شاری هەولێر و بازار و سنووری پارێزگای هەولێر جیاوازە.
دەشڵێت، ناوشاری هەولێر سەعاتەكان لە نێوان 280 تا 390 سەعاتە، نرخی یەك ئەمپێر لە نێوان 12 هەزار دینار تا 17 هەزار و 750 دینارە.
ناو بازاڕی شاری هەولێر سەعاتەكان لە نێوان ١١٦ سەعات تا 137 سەعاتە، نرخی یەك ئەمپێر لە نێوان شەش هەزار دینار تا حەوت هەزار دینارە، بۆ ئەم مانگە نرخی یەك سەعات كاركردنی موەلیدە 47 دینارە .