هۆشداریی لەبارەی مووچەی فەرمانبەران دەدرێت و دابەزینی نرخی نەوتیش بە كارەسات بۆ عێراق ناو دەبرێت.
ئەمڕۆ سێشەم شەشی ئایار، لە هۆشدارییەكدا كە هۆشیار زێباری ئەندامی دەستەی كارگێڕی مەكتەبی سیاسیی پارتی دیموكراتی كوردستان، لە پێگەی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) نووسیویەتی، دابەزینی نرخی نەوت لە بازاڕە جیهانییەكاندا هەواڵێكی كارەساتبارە بۆ ئابووریی عێراق.
ئاماژە بەوەش دەكات كە كاریگەریی دەبێت بۆ بەرنامەكانی حكوومەت، بۆ دابینكردنی بودجە بۆ وەزارەتەكان و پڕۆژەكان و پێدانی شایستە داراییەكانی بەڵێندەران.
دەشڵێت، ئەوە لە كاتێكدا كە وڵات لە وەرزی هەڵبژاردندایە، بەبێ نەبوونی سیاسەتێكی دارایی پتەو و خەمخۆرانە بۆ مسۆگەركردنی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و تۆڕی پاراستنی كۆمەڵایەتی.
لە بودجەی عێراقدا بەرمیلێك نەوت بە 75 دۆلار دیاری كراوە، ئێستەیش بەرمیلێك نەوت لە دەوروبەری 61 دۆلارە، ئەمەش كورتهێنانێكی زۆر بۆ عێراق دروست دەكات.