وەزیری دارایی و ئابووری: هەموو تواناكانتان بخەنە گەڕ بۆ تەواوكردنی دۆسیەی خانەنشینبووەكان

:: PM:09:57:06/05/2025 ‌
وەزارەتی دارایی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی هەنگاوەكانی یاسای خانەنشینیی یەكگرتووی عێراق دەكات و لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتەكە رای گەیاندووە، تا ئێستە دۆسیەی حەوت هەزار و 500 خانەنشین تەواو بووە، كە لە سەرەتای ئەمساڵ خانەنشین كران و لەو ژمارەیەش شەش هەزار خانەنشین مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە. 

بەپێی راگەیەنراوێكی وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێم، ئەمڕۆ سێشەم، شەشی ئایاری 2025، ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و ئابووری لە دیوانی وەزارەت بە ئامادەبوونی بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینی لە وەزارەتی دارایی و ئابووری و بەرپرسانی خانەنشینی لە وەزارەتی ناوخۆ و پێشمەرگە سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی کرد لەسەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی یاسای ژمارە نۆی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق، لەسەر ئاستی فەرمانبەرانی شارستانی و هێزەکانی پێشمەرگە و ئاسایشی ناوخۆ.    

بەپێی راگەیەنراوەكە، لە کۆبوونەوەکەدا وەزیری دارایی ڕای گەیاند، بەپێی بڕیاری دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق و ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، پابەندین بە جێبەجێکردنی یاسای ژمارە نۆی ساڵی 2014ی خانەنشینیی یەکگرتووی عێراق.

هەر لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتی دارایی و ئابووریدا هاتووە، وەزیری دارایی سەرجەم لایەنە پێوەندارەكانی ڕاسپارد لە نزیکترین کاتدا رێنوێنی جێبەجێکردنی یاساکە لەسەر هەموو ئاستەکان ئامادە بکەن بەمەبەستی پەسەندکردنی، دواتر گشتاندنی پێ بكرێت بۆ سەرجەم وەزارەت و دەستە و دامەزراوەکانی حکوومەتی هەرێم.

لە کۆتایی کۆبوونەوەکەشدا وەزیری دارایی دووپاتى لەسەر بەردەوامی هەوڵەکان بۆ زوو تەواوکردنی مامەڵەی خانەنشینان دووپات کردەوە، سەرجەم بەڕێوەبەرایەتییەکانی خانەنشینیی ڕاسپارد هەموو توانای خۆیان بخەنە گەڕ تا بتوانرێت لە زووترین کاتدا مامەڵەی دۆسیەی خانەنشینان تەواو بکرێت و دواتر داخڵی لیستی مووچە بکرێت.

لە كۆتایی راگەیەنراوەكەیشدا ئاماژە دراوە، تا ئێستە دۆسیەی زیاتر لە حەوت هەزار و 500 خانەنشین تەواو بووە کە لە سەرەتای ئەمساڵ بڕیاری خانەنشین بوونیان دەرچوو بوو، لەو ژمارەیەش زیاتر لە شەش هەزار خانەنشین مووچەیان بۆ بەستراوەتەوە.


وشە - پۆڵا مەحموود